سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق: عێراق لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم جددییە و هەنگاوەکان ئەرێنین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

دوای ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سێ قۆلی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی نەوتی عێراق، تێچووی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە ھەموار دەکرێتەوە. پەرلەمانتارێکیش، دەڵێت: ھیچ کات وەکو ئێستا ھەنگاوەکانی ھەناردەکردنەوەی نەوت جددی نەبوونە و مەرجەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ڕوون و ئاشکران. دەشڵێ: خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەموارەکە دەکرێت و ١٦ دۆلار وەکو تێچووی ھەر بەرمیلێک دیاری دەکرێت.

ئەمڕۆ یاساکە ھەموار دەکرێتەوە
پەرلەمانی عێراق لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەمواری ماددەی ١٢ دەکات، کە تایبەتە بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیھان لە ٢٥-٣-٢٠٢٣ ڕاگیراوە، ڕۆژی سێشەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ھاوبەش ئیمزا کرد، ئەو کات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، بەڵام زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگ بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا حکوومەتی عێراق جێبەجێی نەکردووە.

٢٠ ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی عێراق گەیشتووە
بەھۆی ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان تاکو ئێستا زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی عێراق گەیشتووە، حکوومەتی فیدراڵ ھیچ قەرەبووی ھەرێمی کوردستانی نەکردووتەوە، لە کاتێکدا بەگوێرەی دەستوور ھەرێمی کوردستان مافی بەرھەمھێنانی ٥٠٠ ھەزار بەرمیلی ھەیە.

تێچووەکە لە ٥ دۆلارەوە دەکرێتە ١٦ دۆلار
لایەنە سیاسییەکانی عێراق فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر محەممەد شیاع سوودانی بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوان پێیان وایە حکوومەتی عێراق بۆ مووچە پارەیەکی زۆر بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێرێت، لە بەرانبەردا داھاتێکی وەھایان بۆ نایەت، بۆیە فشاریان خستووەتە سەر سوودانی دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
ئێستا ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بووەتە ئەمرێکی واقع و محەممەد شیاع سوودانیش ڕازی بووە، ڕۆژی سێشەممە، ٥ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی دەرکرد و یەکێک لە بڕیارەکان تایبەت بوو بە پەسندکردنی پێشنیازێک بۆ ھەموارکردنەوەی ماددەی (١٢/ب٢/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵە ژمارە (١٣ـی ساڵی ٢٠٢٣). کە تایبەتە بە تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر ماددەکە ھەموار بکرێتەوە تێچووەکە لە ٥ دۆلارەوە دەکرێتە ١٦ دۆلار.
خواستێک لە لایەن ھەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ھەیە بۆ ھەموارکردنەوەی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیاکان بە ڕەچاوکردنی گرێبەستەکانی ھەرێمی کوردستان وەکو گرێبەستی ھاوبەشکردنی بەرھەمھێنان نەک گرێبەستی ھاوبەشکردنی قازانج، تا ئەو کاتەی گرێبەستەکان بە شێوەیەکی یاسایی دەگونجێن، دەبێت قۆناغێکی ڕاگوزەر (ئینتقال)ـی ھەبێت کە ھەمووان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕاستەوخۆ نەوت لە ھەرێمەوە لە ڕێگەی بەندەری جەیھانەوە ھەناردە بکرێت.

بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ھەنگاو نراون
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لەبارەی پێشنیازی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە ھەموارکردنەوەی ماددەی ١٢ لە یاسای بودجەدا، کە تایبەتە بە تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشوازیی لەو پێشنیازە دەکەین.
ئەپیکور لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: ئەو پێشنیازە دەرفەتە بۆ فەراھەمکردنی داواکارییەکانمان، ھەروەھا دەرفەتە بۆ زامنکردنی پێدانی پارەی ھەناردەکانی نەوت لە ڕابردوو و داھاتوو، لە ڕێگەی بۆری عێراق – تورکیا.
ھاوکات ئەپیکور ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامادەن بۆ گفتوگۆی بەرھەمدار لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ ڕوونکردنەوەی وردەکارییە سەرەکییەکان و کۆتاییھێنان بە ڕێککەوتنە نووسراوەکان پێش دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوت.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، باسی لەوەش کرد، لەگەڵ ھەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھاوڕاین کە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت سوودی بۆ خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیە.

عێراق لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم جددییە
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە قەرەبووی ھەناردەکردن و بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکاتەوە. سیپان شێروانی، ئەندامی کورد لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: مەرجەکانی حکوومەت دیار و ئاشکران، حکوومەتی عێراق دەیەوێت نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێت لە ھەمان کاتیشدا دەبێت خەرجی ئەو کۆمپانیانە بدات، کە بە دوای نەوت دەگەڕێن و دەردەھێنن و ھەناردە دەکەن، ئەمە کڕۆکی کێشەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لەگەڵ بەغدا.
ئەو ئەندامەی کورد لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: حکوومەتی ھەرێم ھەمیشە بە جددی کاری کردووە، بۆ ئەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێتەوە، ئێستاش ھەنگاوەکان ئەرێنینە و ھیچ کات وەکو ئێستا بابەتی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم جددی نەبووە.