دەرەنجامەکانی سەرژمێری سەلماندی کە عێراق بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی خواردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

 

ئەنجامی بەرایی سەرژمێری دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنرا و دەرەنجامەکان دەری دەخەن کە هەرێمی کوردستان زۆر کەمتر لە ڕێژەی ڕاستەقینەی خۆی لە یاسای بودجەدا پشکی بۆ دیاری کراوە و لەمەودوا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بەرز دەکرێتەوە.

دوێنێ دووشەممە دەرەنجامی سەرژمێریی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان کە لە ڕۆژانی بیست و بیست و یەکی مانگ بەڕێوەچوو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەنرا و دەرکەوت ژمارەی دانیشتووانی عێراق بریتییە لە چل و پێنج ملیۆن و چوارسەد و حەوت هەزار و هەشتسەد و نەوەد و پێنج کەسە.
بەپێی ئامارێک کە دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خستیە ڕوو ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و سێسەد و حەفتا هەزار و شەشسەد و شەست و هەشت کەسە.
ئەوەی بڵاو کراوەتەوە هێشتا دەرەنجامی فەرمی و کۆتایی نییە و ڕێژەیەک ماوە تا لە داتابەیسی گشتی دانیشتووانی عێراقدا بگونجێندرێت و ئەگەر ئەو ژمارەیە زیاد بکرێت ئەوا ژمارەی دانیشتووانی هەرێم لەوانەیە کەمێکی تر زیاد بکات.
ئەوەی لەم دەرەنجامەدا جێی سەرنجە ئەوەیە هەر بەپێی ئەو دەرەنجامە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بۆ سەرووی چواردە لەسەدا بەرز دەبێتەوە و ئامارەکان دەیسەلمێنن ڕێژەکە ١٤.٠٢٩ لەسەدایە و لەچاو ئەو ڕێژەیەی لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کرابوو زۆر بەرزترە.
رێژەی بودجەی هەرێمی کوردستان بە ١٢.٦٧% دەستنیشان کرابوو و بەراوردەکە لەگەڵ دەرەنجامە نوێیەکە دەیسەلمێنێت ڕێژەکە ١.٣٣% بەرز بووەتەوە. بە واتایەکی تر لە هەر سەد تریلیۆن دینار لە بودجە ئەوا تریلیۆنێک و سێسەد و سی ملیار دینار لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ و ساڵانی دواتریش زیاد دەکات و بە هەمان قەبارەیش لە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا خوراوە هەرچەندە پشکەکەی ناو بودجەیش وەک خۆی خەرج نەکراوە و حکوومەتی عێراق هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی نەناردووە. بۆ نموونە ئەوە خەریکە مانگی دوازدە دەست پێ بکات کەچی هێشتا مووچەی مانگی دەی نەناردووە ئەمە بەدەر لە نەناردنی پشکی بودجەی هەرێمی لە پەرەپێدانی پارێزگاکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
دەرەنجامێکی تری جێی سەرنجی ئەو دەرەنجامەی سەرژمێریی کوردستان بریتییە لە ژمارەی نێر و مێ لە کوردستان و ئەو دوو ڕەگەزە لە ژمارەیاندا جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ یەکتردا نییە لە کاتێکدا لە ڕابردوودا لە میدیاکان بە هەڵە باس لە ژمارەکان دەکرا .
پێشتر ئەو دەنگۆیە لە کوردستان هەبوو کە ژمارەی ڕەگەزی مێیینە لە چاو ڕەگەزی نێرینە زۆر زیاترە و تەنانەت هەندێک کەس باسیان لە سەرهەڵدانی هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی لە داهاتوودا دەکرد کەچی دەرچوو ڕەگەزی مێیینە نەک زیاتر نییە بەڵکوو بە سەرووی سی هەزار کەس لە ڕەگەزی نێرینە کەمترە.
ژمارەی نێر لە کوردستان بەپێی ئەو سەرژمێرییە سێ ملیۆن و دووسەد هەزار و پێنجسەد و شەش کەسە بەڵام ژمارەی مێیینە سێ ملیۆن و سەد و حەفتا هەزار و سەد و شەست و دوو کەسە. ڕێژەی مێ ٥٠.٤% و ڕێژەی مێ ٤٩.٦%ە و ئەو ڕێژەیەش ستانداردە و هاوسەنگیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ڕەگەزی دەردەخات.
ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە ڕێژەی گوندنشینان لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمی کردووە و تەنیا لەسەدا شازدەی دانیشتووانی کوردستان لە گوند دەژین و ئەوانەی تر لە شار دەژین. کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان لە چاو کۆمەڵگەی عێراق زۆر شارنشینترە. نزیکەی سی لەسەدای دانیشتووانی عێراق لە گوندەکان دەژین و حەفتا لەسەدای لە شارەکان دەژین لە ڕووی ڕێژەوە ڕێژەی گوندنشینی لە عێراق نزیکە لە دوو هێندەی ڕێژەی گوندنشینی لە هەرێمی کوردستان.
خاڵێکی ئەرێنی تر کە لەو دەرەنجامە دەرکەوتووە ئەوەیە سەرووی چوار لەسەدای دانیشتووانی هەرێمی کوردستان تەمەنیان سەرووی شەست و پێنج ساڵە و ئەوانەی تر لە خوار ئەو تەمەنەن و کوردستان بە کۆمەڵگەیەکی گەنج هەژمار دەکرێت.
بەگشتی لە هەموو عێراق زیاتر لە شەست لەسەدای کۆی دانیشتووانی عێراق تەمەنیان لە نێوان پازدە تا شەست و چوار ساڵەوەیە و سەروو سی و شەش لەسەداش لە خوار تەمەن پازدە ساڵن و و ئەوەی ماوە لە تەمەنی سەرووی شەست و پێنج ساڵیدان.
وردەکارییەکانی سەرژمێری زۆر زیاترن بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا حەفتا پرسیاری دیکە ئاراستە بکرێن و وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی تر لەوانەش پرسی بێکاری و هەژاری و تایبەتمەندییەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی، ئابووری، تەندروستی و هتد دەدرێتەوە.