ڕێبەر ئەحمەد: بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت ئەوانەی بە کوشتنی ئافرەتان تاوانبارن، لێبوردنی گشتیی نایانگرێتەوە

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان ڕایگەیاند “بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت نابێت تاوانبارانی کوشتنی ئافرەت  لێبوردنی گشتیی بیان گرێتەوە.”

دووشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی هەڵمەتی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان ڕایگەیاند “زیاتر لە دوو هەزار و 500 ئافرەتی ئێزدی لە دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماون، کە تاکوو ئێستە نەمان توانیوە ڕزگاریان بکەین، بەڵام دامەزراوەکانی حکوومەت لە ژێر سەرپەرشتیی و چاودێریی خودی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و بە هەموومانەوە لە هەوڵی ئەوەداین لە ئایندەدا بتوانین ئەوانیش ڕزگار بکەن و بتوانین بیانگەڕێنینەوە کوردستان و باوەشی خیزانەکانیان.”

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “ئیستە جیهان ڕووبەڕووی چەندان قەیرانی مرۆیی و ژینگەیی بووەتەوە، گۆڕانەکانی کەشوهەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ئافرەتان داناوە.”

دەشڵێت: “ئێمە لە کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارمان لەسەر لێکەوتەکانی ئەم گۆڕانە کردووە، جێبەجێ کردن و داڕشتنی پلانی پرۆژەکان لەسەر حەوت بنەمای ستراتیجی ناسراو بە “ڕیسپێکت” کاری لە پێشینەی حکوومەتە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و چەسپاندنی ئاشتیی و ئاسایش.”

وەزیری ناوخۆ جەختیشی کردەوە “هاوتەریب لەگەڵ چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دامەزراوە یاساییەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان، بەردەوامیی کاری پەناگەکان، لە سەرانسەری کوردستان لە خزمەتکردن بەردەوامن و هەماهەنگییەکی باش هەن لەنێوان ئەنجوومەنی باڵای خانمان و بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی، ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و هەروەها لەگەڵ ئاژانسەکانی نێودەوڵەتیی کە هەموومان بەیەکەوە دەتوانین کارێکی باشتر و دەر ئەنجامێکی باشتری بدەین.”

باسی لەوەش کرد “حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم چەندان هەنگاوی بە کردار بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی ناوە بەشێکیان لەلایەن ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان ئاماژەی پێ کراوە ئەوی دیکەشیان لەلایەن یەکەکانی پۆلیس و دادگاکان ڕاوێژکارەکانی کۆمەڵایەتیی کاری گرنگی کراوە و بەردەوامیش دەبین لە بابەتە.”

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند “ئەوەی لەهەمووی گرنگترە ئەوەیە لە ژێر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت نابێت تاوانبارانی کوشتنی ئافرەت،  لێبوردنی گشتیی بیان گرێتەوە، بۆ ئەم بوارەش هەوڵی ڕژد دراوە و هەموو یەکەکانی پۆلیسیش ڕاسپێردراون، کە نابێت هیچ دەرفەتێک لەدەست بدەن بۆ دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی تاوانباران بە دادگە و وەرگرتنی سزای یاسایی خۆیان.”