بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک مەراسیمێکی تایبەتی بۆ یادکردنەوەی ڕۆشنبیر و نووسەری دیاری کوردستان، ڕەوانشاد (پیر خدری سلێمان) ڕێکخست

 

ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد. بە ئامادەبوونی هەریەک لە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و مەحمود محمد ئەندامی دەستەی کارگێڕ و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و پارێزگاری هەولێر و بەشێک لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی و ڕووناکبیر و ڕۆژنامەڤانان.

د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن، لە وتاری بەخێرهێناندا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی (پیر خدری سلێمان) لە بواری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و گوتی: ئەمڕۆ ئێمە یادی یەکێک لە ئایکۆنەکانی پێکڤەژیان دەکەینەوە کە هەموو ژیانی بۆ پێکەوەژیان و تەبایی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و سیاسی تەرخان کرد. نەوەکان بە گەڕانەوە بۆ مێژوو و دیرۆکی ئەم پیاوە مەزنە تێدەگەن کە کوردستان مەڵبەندی پێکڤەژیانە و پارتی باشترین پانتایی و بیاڤی ئەم پێکەوەژیانەیە و بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن ئەرکی ئەوەیە ئەم ئایکۆنانە بەبیر خەڵکی کوردستان بهێنێتەوە.

دواتر فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پ.د.ک، لە وتەیەکیدا باسی لە یادەوەرییەکانی لەگەڵ (پیر خدر) کرد و وەک کەسایەتییەکی نیشتمانی و سەروەتێکی گەورەی گەلی کوردستان وەسفی کرد و ئاماژەی بەوەدا: هەموومان درکمان بەوە دەکرد (پیر خدر) دوێنی چی کردووە و ئەمڕۆ چی دەکات و سبەی چی پێ دەکرێت بۆ کورد و کوردستان.

پەخشکردنی فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەبارەی ژیان و ڕۆڵ و بەرهەمەکانی پیر خدر لە کوردستان TV، پێشکەشکردنی تابلۆی هونەری لاوی ئێزییدیان بەناوی “غەریبۆ” لەلایەن هونەرمەند خەلەف شنگالی و، خوێندنەوەی پارچە هۆنراوەیەک لەلایەن سەعید جەردۆ بەشێک بوون لە ڕێوڕەسمەکە.

لە دوماییدا خەڵاتی ڕێزلێنان و پێکەوەژیان لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشکەش بە ماڵباتی ڕەوانشاد (پیر خدر) کرا و خاتوو خەیالی هاوژینی کۆچکردوو پیر خدر وتەیەکی پێشکەشکرد.