ساڵیادی کۆچی دوایی و بەخشینى چوارەمین خەڵاتی ساڵانەی د.فەرسەت سۆفى، وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی بەڕێوەچوو

 

ئەمڕۆ دووشەممە 2024.11.18، بە ئامادەبوونی مەلا مستەفا بارزانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و .محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسى لقى2ى پارتى و ئارى نانەکەلى، بەرپرسى لقى16 و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و د.هێمن میران، بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى ناوخۆ و موسا ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و فەیق عەزیز وەیسى، فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و یایدەرى پارێزگارى هەولێر و قائیمقام و ژمارەیەکى زۆرى دیکە لە بەرپرسانى یەکە ئیدارى و کارگێڕییەکانى سنورى پارێزگاى هەولێر و فەرماندەى سەربازی و هاوڕێیان و کەس و کار و خانەوادەکەى، پارێزگاى هەولێر لە سەر ئارامگەى جوانەمەرگ خوالێخۆشبوو د.فەرسەت سۆفى، پارێزگارى پێشووى هەولێر، لە گۆڕستانى شێخ ئەحمەد لە شارى هەولێر، لە مەراسیمێکدا لە ساڵیادى کۆچى دوایی د.فەرسەت، چوارەمین خەڵاتی ساڵانەی د.فەرسەت سۆفى، وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی، بەخشى بە (سامان عارەب سادق) بەرێوەبەرى گشتیى وەبەرهێنانى هەولێر.

لە مەراسیمەکەدا، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا، ڕایگەیاند: ” یادکردنەوەى جوانەمەرگ د.فەرسەت سۆفى، یادکردنەوەى هەموو ئەو سیفەتە جوانانەیە کە دکتۆر هەر لەسەردەمى منداڵییەوە لە خانەوادەیەکى نیشتیمان پەروەر و کوردپەروەر لەسەرى پەروەردە کراوە”. گوتیشى،”ئێمە بەشێکى کارەکانمان لە ڕێکخراو و پێنج ساڵى سەختى پەرلەمانمان بەیەکەوە بوو، هەمیشە ئامانجى کارەکانى جوانەمەرگ نیشتیمان بوو، بۆیە کاتێک جەنابى سەرۆک بارزانى دەستنیشانی کرد وەک پارێزگارى هەولێر، هەولێرى دایە دەست د.فەرسەت بۆ ئەوەى خزمەتى بکات، کە دکتۆر فەرسەت کۆمەڵێک ئامانجى هەبوو لە خزمەتکردن و ئاوەدانترکردنەوەى ئەوشارە، بەڵام بەداخەوە تەمەن ڕێگەى نەدا”.

ڕاشیگەیاند: ” ئێمە لە پارێزگاى هەولێر لەگەڵ بنەماڵەى جوانەمەرگ، لەم یادەدا، وەک نەریتێکى ساڵانە بەهۆی ئەو دەستپاکییەی هەیبووە، بۆ ئارامى گیانى جوانەمەرگ بڕیارمان داوە خەڵاتی دەستپاکی بە ناوی ”د.فرسەت سۆفی” ببەخشین بەو کەسانەى کە بە دادپەروەرى و دەستپاکى خزمەت دەکەن، بۆ ئەمساڵیش وەک هاندانێک بۆ یەکەکارگێڕییەکانى و بەرپرسانى ئیدارى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کە بەشێکى زۆریان خزمەتێکى خۆنەویستانە دەکەن و بەڕوحیەتى دڵسۆزى و دەستپاکى و ئەمانەتەوە کاردەکەن و ئەرکەکانى سەرشانیان و فەرمانەکانى جەنابى سەرۆک وەزیران لە خزمەتگەیاندن بە هاوڵاتییان جێبەجێدەکەن، ڕاستە ژمارەیان زۆرە بەڵام لەو لیژنەیەى کە لە پارێزگاى هەولێر دیاریمانکردووە ئەم ساڵ ئەو خەڵاتە دەبەخشرێت بە براى خۆشەویستمان کاک سامان عرەب، بەڕێوەبەى گشتیى وەبەرهێنانى هەولێر، کە ئەو بەڕێوەبەرە لە شوێنێکى هەستیار و گرنگ بە دڵسۆزى و دەستپاکى کارەکانى ئەنجامدەدات، وێڕاى پیرۆزبایی لێى ئومێدى نموونە زۆرى دەخوازین، ئەوخەڵاتەش ڕاستە بەنا و ناونیشان بە بەڕێوەبەرى گشتیى وەبەرهێنانى هەولێر دەدرێت، بەڵام ئەو خەڵاتە خەڵاتێکە بۆ هەموو ئەوکارمەند و فەرمانبەر و بەڕێوەبەر و کاربەدەستانەى حکومەت کە بەپاکى و دڵسۆزى کارەکانى خۆیان ئەنجامدەدەن”.

دواى بەخشینى خەڵاتی ساڵانەی د.فەرسەت سۆفى، وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی، بە (سامان عارەب سادق) بەرێوەبەرى گشتیى وەبەرهێنانى هەولێر، لەلایەن هێڤار فەرسەت سۆفى، تاجگە گوڵینەى ڕێز و وەفاى ڕێزدار مەلا مستەفا بارزانى و پارێزگاى هەولێر و لقى2ى پارتى و دام و دەزگا و فەرمانگە حکومیەکان لەسەر ئارامگەى جوانەمەرگ د.فەرسەت سۆفى دانرا.

جێگەى باسە، ئامانج لە پێشکەشکردنى خەڵاتى ساڵانەى د.فەرسەت سۆفى وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی، لەلایەن پارێزگای هەولێر، بۆ زیندووکردنەوەى ئەو یادى ئەو پیاوەیە کە تەمەنێکى کورت ژیا، بەڵام ژیانى خۆى لە پێناو خزمەتکردنى (چاکسازیی، دادپەروەرى، دەستپاکى) تەرخانکردبوو، ئەم خەڵاتە ساڵانە لە یادى کۆچی دوایى د.فەرسەت سوفى، پارێزگارى پێشووى شارى هەولێر، بۆ زیندوو هێشتنەوەى روحى شادى ئەو پیاوى دەستپاک و دادپەروەرە، لەلایەن لیژنەیەکەوە لە پارێزگاى هەولێر کەسێکى دەستپاک دەست نیشان دەکرێت و خەڵاتەکەى پێدەبەخشرێت.