یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 17, 2024

نێچیرڤان بارزانی سه‌ره‌خۆشيى لە خێزان و كه‌سوكارى شه‌هيدانى ئه‌مڕۆى سنوورى خورماتوو ده‌کات

یەکشەممە، 17-11-2024، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی خێزان و كه‌سوكارى شه‌هيدانى ئه‌مڕۆى كرده‌وه‌ تيرۆرستييه‌كه‌ى سنوورى خورماتوو کرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەی دا گوتی: “پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى قووڵم ئاراسته‌ى خێزان و كه‌سوكارى شه‌هيدانى ئه‌مڕۆى كرده‌وه‌ تيرۆرستييه‌كه‌ى سنوورى خورماتوو ده‌كه‌م، كه‌ له‌ كاتى ئه‌ركدا و له‌ ئه‌نجامى ته‌قينه‌وه‌ى بۆمبێكى چێنراو به‌ ئۆتۆمبێلى ليوايه‌كى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراقدا‌، سێ پله‌دار شه‌هيد بوون. له‌ خواى مه‌زن داواكارم گيانيان به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت، هاوسۆز و هاوخه‌ميانين و هيواى سه‌لامه‌تى و زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازين.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپەیامەکەیدا جەختی کردەوە “ئه‌م كرده‌وه‌ تيرۆرستييه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ تيرۆر هێشتا مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و سه‌ر و ماڵى هاووڵاتييان به‌تايبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى مادده‌ى 140 ده‌كات، بۆيه‌ جه‌خت له‌ به‌رده‌وامى و پته‌وكردنى زياترى هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق و هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و تێكشكاندنى تيرۆرستان ده‌كه‌ينه‌وه‌.”