باڵیۆزی پۆلەندا لە عێراق: خوازیارین پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدەین

یەکشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە سەلاحەددین پێشوازیی لە بەڕێز مارجن کوبیاک، باڵیۆزی پۆلەندا لە عێراق کرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە “لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی پۆلەندا لە عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم لە سەرۆک بارزانی کرد. هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە بنیاتنانی سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێم هەبوو، ڕاشیگەیاند؛ وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە سەیری ڕۆڵی هەرێم لە عێراق و ناوچەکەدا دەکات و پۆلەندا خوازیاری ئەوەیە پەیوەندی و دۆستایەتیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و کشتوکاڵ و بوارەکانی تر پەرەبستێنێت.”

هەر لەو دیدارەدا، سەرۆک بارزانی سوپاسی باڵیۆزی پۆلەندا لە عێراقی کرد و جەختی لە دۆستایەتی و پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە. سەرۆک بارزانی، وێڕای ئاماژەدان بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند “بەشداریی گەلی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە هەڵبژاردن و لە کەشێکی ئارامدا سەری هەموومانی بەرز کردەوە.” ئەوەشی خستەڕوو “هەروەک چۆن هەڵبژاردن سەرکەوتوانە بەڕێوەچوو،  قۆناغی پێکهێنانی حکوومەت و دانوساندنی لایەنەکان بە سەرکەوتوویی دەگاتە ئەنجام.”  گوتیشی، “خوازیاری پێکهاتنی حکوومەتێکی بنکەفراوانین ئەویش بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن.”

هەروەها سەردانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق و دوورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەکانی داهاتوو و هاوکێشەکانی ناوچەکە، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.