پێگەی کوردستان دوای یەکخرانی هێزەکانی پێشمەرگە زۆر بەهێزتر دەبێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

یەکێک لە گرنگترین ئەو کێشانەی لە هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە سێ دەیە لە دەسەڵاتی کوردی هێشتا چارەسەر نەکراوە و بەشێکە لە ئاوات و ئامانجەکان، پرسی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەیە لە ژێر چەتری حکوومەت و وەزارەتی پێشمەرگە و داماڵینیانە لە حزب، هەرچەندە هەنگاوی زۆر گرنگ لە پێناویدا نراوە و سەرۆک و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان سووربوونی خۆیان لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە ڕاگەیاندووە.

هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی قەوارە سیاسییەکەی، هەڕەمەکیانە و بە شێوەیەکی ئاسایی نەبووە بەڵکوو بە قۆناغێکی ئاڵۆزی مێژوویی و سیاسی و سەربازیدا تێپەڕیوە، پێشمەرگە وەک کاراکتەرێکی شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕ چەکی شەڕەفی خستووەتە شانی و لەرووی ڕێکخراوەیی لە ژێر فەرمانی حزبدا بووە و ئامادە بووە لە پێناوی ڕزگارکردنی خاکی کوردستان، گیان و ماڵی خۆی فیدا بکات. بە دەیان هەزار پێشمەرگە لەو پێناوەدا شەهید بوون و دەستکەوتەکانی ئێستای کوردستان بەرهەمی ئەو قوربانییەن.
کاتێک لە ساڵی ١٩٩١هەرێمی کوردستان ئازاد دەکرێت، هێزی پێشمەرگە یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی بەدی دێت کە بریتی بوو لە ئازادی و دامەزراندنی دەسەڵاتی کوردی کە کورد خۆی تێیدا بڕیاربەدەست و باڵادەست بێت، لێرەدایە ئەرکی پێشمەرگەش لە کاراکتەرێک بۆ ڕزگارکردنی کوردستان دەگۆڕدرێت بۆ کاراکتەرێک کە ئەم جارە ئەرکەکەی پاراستنی کوردستانە.
هەر چەندە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمان و حکوومەت دادەمەزرێن و ئەرکی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دیاری دەکرێت، بەڵام بە کردەوە نەتوانرا ئەو ڕۆڵە بە پێشمەرگە بدرێت و هێزی پێشمەرگە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆ دوور نەخرایەوە و هاوشێوەی خەباتی شاخ لە ژێر فەرمانی حزبەکاندا مایەوە.
سەرکردایەتی سیاسیی کورد هەستی بەو پێویستییە کردووە کە دەبێت هێزی پێشمەرگە لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتدا بێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی جێبەجێ بکات و هەر بۆیەش ساڵانێکە هەنگاوەکان بۆ یەکخستنیان دەستی پێ کردووە و کۆمەڵێک لیوای پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕۆڵیان پێ سپێڕدراوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگەش ماون کە لە دەرەوەی وەزارەتەکەن و لەژێر هەژموونی حزبەکاندا ماونەتەوە. یەکەکانی حەفتا و هەشتای پێشمەرگە نموونەیەکی ئاشکرای ئەو ڕاستییەن.
دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ ئەو پێویستییە بۆ هەمووان سەلمێنرا ئەگەر تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر فەرمانی یەک دامەزراوە و حکوومەتدا نەبن چ کارەساتێک ڕوو دەدات.
رۆژی شەممە لە میانەی ڕێوڕەسمی دەرچوونی حەوتسەد و شەست و نۆ ئەفسەر لە کۆلێژی قەڵاچوالان لە سلێمانی هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە زۆر بە ڕاشکاوی باسیان لە پێویستیی یەکخستنی یەکجارەکیی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری حکوومەتدا کرد.

نێچیرڤان بارزانی بە پێویستی زانی هێزی پێشمەرگە دامەزراوەیەکی نیشتمانی و پیشەییی سەربەخۆ بن، دوور بن لە هەموو جۆرە ناكۆكى و ململانێی سیاسی و حزبی. هەموویان سەر بە نیشتمان و سه‌ر به‌ گەلی کوردستان بن، بە هەموو پێکهاتە جیاوازه‌كانی كوردستانه‌وه‌.
ئەو سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى داعشی کرد لە پشتگیری و هاوکاریی بەردەوامیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ یارمه‌تیدان و پشتگیرییان لە هەوڵەکانی چاکسازی و یەکخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بۆ ئه‌وه‌ی ببن به‌ هێزێكی نیشتمانی و پارێزه‌ری ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دانی بەو ڕاستییە نا کەهەنگاوەکانی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە هێواشن و هاوکات ئومێدی دەربڕی کە به‌ره‌وپێشچوونێكی باش هه‌یه‌‌ و بۆیەش گه‌لى كوردستان و دۆستان له‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دڵنیا کردەوە كه‌ ئیراده‌ و خواستى جدییان بۆ ئەو مەبەستە هه‌یه‌ و تا سه‌ركه‌وتن و یه‌كخستنى پێشمه‌رگه‌، كۆڵ ناده‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن.
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە باسی لە پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و گوتی بەشێکی زۆری پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پیشمەرگە جێبەجێ کراوە و بە پێویستیشی زانی تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ پڕۆسەکە تەواو بکرێت و سەرجەم هێزەکان یەک بخرێنەوە.
ئەو پێداگری کرد لەوەی چارەنووس و داهاتووی هەرێمی کوردستان بەندە بە بوونی سوپایەکی بەهێز و خاوەن توانای سەربازیی پێشکەوتوو. دەستکەوتێکی مێژوویی و گەورەیە بۆ کوردستان کە هێزی پێشمەرگە ببێتە هێزێکی یەکگرتووی کوردستانی لە ئاستی هێزە سەربازییەکانی ناوچەکە.
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بە هاوکاریی مانگانەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە کرد کە نزیکەی بیست و پێنج ملیۆن دۆلاریان بۆ دابین دەکرێت و هێزەکانی هاوپەیمان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و بنیاتنانی سوپایەکی کوردستانی هەموو کات پاڵپشت و پشتیوانیان بوون.
ئەو داواکارییەکی ئاراستەی یەکێتی و پارتی کرد کە خاوەنی یەکەکانی حەفتا و هەشتان و بە پێویستی زانی هاوکار و یارمەتیدەریان بن لەم پڕۆژە نیشتمانییەدا، کە بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دروستبوونی سوپایەکی کوردستانی بنیات نراوە.
یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جووڵەپێکردنیان لەژێر فەرماندەیی یەک کەسدا، پێگەی هەرێمی کوردستان زۆر تۆکمەتر و بەهێزتر دەکات و هەنگاوێکی گەورە لە خەونە مێژووییەکەی نزیک دەکاتەوە.