یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 17, 2024

بۆ پرسی چارەسەری نابێت دەمیرتاش لەبیر بكرێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەوڵەت باخچەلی، لە وتارێكدا لە پەرلەمانی توركیا، داوای لە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە كرد، بێتە پەرلەمانی توركیا و لەوێ وتارێك پێشكەش بكات و داوا بكات پەكەكە چەك دابنێت. جیا لەوەش، میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە، حكوومەتی توركیا، دەیەوێت بۆ هێنانەبەرباسی پرسی چارەسەری، راستەوخۆ ئۆجەلان و دەم پارتی بدوێنێ، بەڵام بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، بەبێ سەلاحەدین دەمیرتاش، پرسی چارەسەری ئەنجامی نابێت.

پرسی چارەسەری، تەنیا رۆژەڤی میدیاكان و چەند سیاسییەكی توركیایە، تاوەكوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی كرداری بۆ نەنراوە، بەڵام ئەوە ناشاردرێتەوە، كە هەوڵی ئاكەپە و مەهەپە، بۆ هێنانە بەرباسی ئەو پرسە جیدییە.
دەم پارتی، كە خاوەنی ٦١ كورسییە لە پەرلەمان، نایشارێتەوە گومانیان لەو هەوڵەی باخچەلی و ئاكەپە هەیە بۆ هێنانەبەرباسی پرسی چارەسەری، بەڵام ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە كە هاوكار دەبن بۆ چارەسەری پرسی كورد، بەو مەرجەی هەنگاوی كرداری بنرێت.
تاوەكوو ئێستا بە هیچ شێوەیەك باس لە رۆڵی دەمیرتاش ناكرێت، لە كاتێكدا دەمیرتاش سیاسییەكی گەورەی باكووری كوردستانە و بەشێكی زۆری باكوورییەكان بە سەرۆكی خۆیانی دەزانن، بۆیە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، بەبێ رۆڵی دەمیرتاش، ئەو پرسە ئەنجامی نابێت.
محەممەد مەتینەر، پەرلەمانتاری پێشووی ئاكەپە و بەڕەگەز كورد، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامە تورکییەکەی (تەرەف) بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت نابێت رۆڵی دەمیرتاش لەبیر بكرێت.
مەتینەر دەنووسێت: ”باخچەلی داوا دەكات ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و تارێك پێشكەش بكات و هەروەها پرسی چارەسەری بێتەوە بەرباس، بەڵام ئەگەر بێت و بڕیار بدات دەمیرتاش، كە سیاسییەكی ئاكتیڤە و بێتە ناو ئەو پرۆسەیە، بێگومان ئەوكات پرسی چارەسەری دەستپێدەكاتەوە.“
ئەو لە بەشێكی تری وتارەكەیدا، داوا دەكات جارێكی تر بیر بكەنەوە و دەمیرتاش بهێننە ناو ئەو پرۆسەیە، چونكە تاوەكوو ئێستا هیچ شتێك لەبارەی ئەو داوایەی باخچەلی نەوتراوە و ئۆجەلان هیچ وڵامێكی نەداوەتەوە.
جیا لە مەتینەر، چەند سیاسییەكی تریش لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان، كە رۆلی دەمیرتاش زۆر گرنگە و پێویستە پرسی بكرێت و ئەویش ببێتە لایەنێك لە ئەگەر هێنانەبەرباسی پرسی چارەسەری.
بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی كراون، نەوەی ئێستای كورد لە باكووری كوردستان، زیاتر مەیلیان بۆ دەمیرتاشە نەك ئۆجەلان، چونكە ئەدای دەمیرتاش لە پەرلەمانی توركیا و تا ئەو كاتەی دەستگیر كرا، زۆر باش بووە و توانیبووی دەنگێكی زۆری باكوورییەكان بۆ خۆی و هەدەپە مسۆگەر بكات، بۆیە جیا لەوەی لە توركیا بە گرنگییەوە باس دەكرا، ئەوكاتەی هەدەپە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٦ توانی بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت و ٨٠ كورسی بباتەوە، دەمیرتاش ناوی چووە ناو میدیاكانی جیهان و بە گرنگییەوە باسی لێوە كرا.
رەنگە دەم پارتی، لەسەر داوای پەكەكە، داوای كردبێت هیچ رۆڵێك بە دەمیرتاش نەدرێت، چونكە پەكەكە و دەم پارتی، لە ئۆجەلان زیاتر هیچ كەسێكی تریان پێ سەرۆك نییە و نابانەوێت ئۆجەلانێكی تر دروست ببێت، بەڵام محەممەد یڵماز، نووسەری دیاری توركیا، پێیوایە پرسی چارەسەری مانای نییە بەبێ دەمیرتاش، چونكە دەمیرتاش سیایییەكی گرنگە و كوردەكان بەگرنگییەوە باس لە بۆچوون و رۆڵی ئەو دەكەن.
دەمیرتاشیش، تاوەكوو ئێستا هیچ بۆچوونێكی نەبووە لەبارەی گوتەكانی باخچەلی و پرسی چارەسەری، بەڵام ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، لە گرتووخانەی ئێدیرنە، سەردانی دەمیرتاشی كرد و وەكوو سیاسییەكی گەورە و گرنگ ناوی هێنا، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆش بەڕای گشتی توركیای گوت، بەبێ دەمیرتاش، ناكرێت باس بە پرسی چارەسەری بكرێت.