دلاوەر قادری گۆرانییەک بۆ سوارچاکانی کورد دەڵێت

 

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەند “دلاوەر قادری” نوێترین بەرهەمی خۆی لە نێو سوارچاکانی هەولێر وێنەگرتووە و لە گۆرانیەکەشدا باس لەسوارچاکانی کورد دەکات، کە توانیویانە ڕۆڵێکی کاریگەر ببینن لە سەرکەوتنی شۆڕشەکانی کورددا.

ئەو بەرهەمه ناوی نراوە “ئەسپی خۆش ئاواز” و لە هۆنراوەی “سەرهەنگ مەلا محەممەد” و ئاوازەکەشی فۆلکلۆرە و “هەژار مەرزانی”ـش وەک وێنەگرێکی دیار و بەرچاوی هەولێر بە کامێراکەی دیمەنە جوانەکانی نێو ئەو کلیپە وێنەگرتووە و بڕیاریشە لەم ڕۆژانە ببێتە میوانی ماڵەکان و لە تەواوی کەناڵە ئاسمانی و لۆکاڵیەکان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و سۆشیال میدیادا بڵاوبکرێتەوە.
لە بارەی بەرهەمە نوێیەکەوە هونەرمەند “دلاوەر قادری” بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند و گوتی: دیارە لە دێر زەمانەوە کورد خەریکی سوارچاکییە و پێش کۆشک و دیوانی کورد بەبێ ئەسپ و ماینی ڕەسەن نەبووە و لە هەموو شۆڕشەکانیش ئەسپسوارانی کورد بەشدار بوون، ئەوەش سەلماندنی ئەو ڕاستیەیە، کە کوردیش خاوەنی ئەسپی ڕەسەنی خۆیەتی، کە دەڵێن ئەسپی کوردی، جا جۆر و ڕەنگیان و ناوەکانیان لەو گۆرانیە باس کرایە، کە کورد گۆرانی وەک “ساوار کوتان و درونە” هەیە و ئەو گۆرانیەش تایبەتە بە سوارچاکانی کوردستان لەو کلیپە دوو ئافرەتی کوردیش بەشدارن چۆن جاران، کە سوارچاک دەگەیشتە پێش کۆشک و دیوانی خاتونانی کورد دەچوونە پێشوازی سوار و جەڵەوەکەیان دەگرت تا سوارچاکەکە دادەبەزی.