هێمن میرانی: تاوانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی سنوور بەزێن پەیدا بوون

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، بەشێک لە خاوەنکارەکان خەڵکی بیانی دەهێنن لە بری 8 کاتژمێر کارکردن 15 کاتژمێر کاریان پێ دەکرێت.

پێنجشەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2024، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو خەڵکە بیانییەی دەهێنرێن بۆ ئێرە لە جیاتی ئەوەی 8 کاژمێر کار بکەن، 15 کاتژمێر لەلایەن خاوەن کارەکانەوە کاریان پێ دەکرێت، تاوانی نێودەوڵەتی یاخود ڕێکخراوی سنوور بەزێن پەیدا بوون، وەک تاوانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ، ئەم جۆرە تاوانە دوو جۆرە کۆمەڵگا دەکاتە قوربانی، خەڵكێکی زۆری بازرگان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بە قاچاخ دەبەنە وڵاتانی دیکە. نموونەیەکی ناشرینی ژیانی ئەورووپایان بۆ دروست دەکەن، هەموو سەروەت و ماڵی دەفرۆشێت بۆ ئەوەی بەو ڕێگە قاچاخە بگاتە وڵاتێک کە بە هەڵە بۆی دروست کراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: “بەشێکی دیکەی بازرگانی بریتییە لە بازرگانی کردن بە خەڵکی بیانی، ئەو خەڵکە بیانییەی دەهێنرێت بۆ کارکردن بۆ ئێرە، لە جیاتی ئەوەی 8 کاتژمێر کاری پێ بکرێت 15 کاتژمێر کاری پێ دەکرێت و شوێنێکی باشی مانەوەی بۆ دابین ناکرێت، کاتێک نەخۆشە نابرێتە نەخۆشخانە، ئینتەرنێت و موبایلی پێ نادرێ بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ کەس و کاری بکات، ئەمە جۆرێکی دیکەی بازرگانی کردن بە مرۆڤە”.

هێمن میرانی دەشڵێت: “ئێمە میللەتێکین مێژووی  100 ساڵەی ڕابردوومان چەوسانەوە بووە، نامۆیە بە کۆمەڵگای ئێمە ئافرەتێکی بیانی لەناو ماڵەکانمان بچەوسێنینەوە، نامۆیە بازرگانێک پێنج کرێکار لەلای کار بکات، لە جیاتی ئەوەی 8 کاتژمێر کاریان پێ بکات 15 کاتژمێر کاریان پێ دەکات. ماف و موچەکانیان لە کاتی خۆیدا پێیان نادات، ئەوەش هۆکارە بۆ دروست بوونی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی تاوان، کە نووسینگەیان لە دهۆک و پارێزگاکانی دیکە کوردستان هەبێت. تاکو سنوورێک بۆ بەزاندنی شکۆی مرۆڤ دابنرێت”.