١٦ وڵاتی بیانی لە ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی وەبەرھێنان ئەنجام دەدەن

– بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەت بە زیاتر لە ١٦ وڵات، نزیکەی ٥٠ پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە ١٠ملیار دۆلار دراوە.

 سەربەست خدر، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ڕێکەوتی ١/٨/٢٠٠٦ تا ٣١/١٠/٢٠٢٤ لە ھەرێمی کوردستان لە دەستەی وەبەرھێنان مۆڵەت بە ٤٩ پڕۆژە دراوە، کە ١٦ وڵات بە سەرمایەی ١٠ملیار و ٦٨ملیۆن و ٩٧٥ھەزار دۆلار لەسێکتەری جیاجیا جێبەجێیان دەکەن.

سەربەست خدر زانیاری دا کە، مۆڵەتەکان بەم جۆرەن، وڵاتی نیوزلەندا یەک پڕۆژە بە سەرمایەی ٩٨ملیۆن و ١٨٩ھەزار و ٨٥٠ دۆلار، وڵاتی میسر یەک پڕۆژە بە سەرمایەی ٦ملیۆن و ٦٢٦ھەزار دۆلار، وڵاتی لوبنان ١٠ پڕۆژە بە سەرمایەی ١ملیار و ٧٢ملیۆن و ١٢٢ھەزار و ١٤٠ دۆلار، وڵاتی کوێت یەک پڕۆژە بە سەرمایەی ١٠ملیۆن و ٥٧٠ھەزار دۆلار، وڵاتی فەرەنسا بە ھاوبەشی لەگەڵ وڵاتی لوبنان یەک پڕۆژە بە سەرمایەی ٧ملیۆن و ٨٢ھەزار و ٢٠٧دۆلار، وڵاتی چین یەک پڕۆژە بە سەرمایەی ٤ملیار و ٩٠٦ملیۆن و ١١٠ھەزار دۆلار، وڵاتی سوید یەک پڕۆژە بە سەرمایەی ١٧ملیۆن و ٣٧٢ھەزار دۆلار، وڵاتی سوریا ٣ پڕۆژە بەسەرمایەی ٩ملیۆن و ٣٠٠ھەزار دۆلار، وڵاتی روسیا یەک پڕۆژە بە سەرمایەی ٢ملیۆن و ٨٠٥ھەزار و ٦٧٠ دۆلار و وڵاتی جۆرجیا یەک پڕۆژە بە سەرمایەی ٦٠٠ھەزار دۆلار، وڵاتی تورکیا ١٧ پڕۆژە بە سەرمایەی ١ملیار و ٢٤٠ملیۆن و ٩١٦ھەزار و ٦٧٣دۆلار، وڵاتی بەریتانیا یەک پڕۆژە بە سەرمایەی ١٢ملیۆن و ٥٠٠ھەزار دۆلار، وڵاتی ئیمارات ٣ پڕۆژە بە سەرمایەی ٢ملیار و ٥٢٩ ملیۆن و ٦٥١ھەزار و ٧٢١دۆلار، وڵاتی ئیران یەک پڕۆژە بە سەرمایەی ١٤ملیۆن و ٩٥٠ھەزار و ٨٠٢ دۆلار، وڵاتی ئەمریکا ٤ پڕۆژە بە سەرمایەی ١١٥ملیۆن و ٨٢٢ھەزار و ٩٢٥دۆلار و وڵاتی ئەڵمانیا ٢ پڕۆژە بە سەرمایەی ٢٤ملیۆن و ٣٥٥ھەزار و ٧١٢ دۆلار.

سەربەست خدر گوتیشی: تەواوی ئەو پڕۆژە بیانییانەی مۆڵەتیان پێدراوە و لە سێکتەری جیاجیا لە ھەرێمی کوردستان بە سەرمایەی ١٠ملیار و ٦٨ملیۆن و ٩٧٥ھەزار و٧٠٠ دۆلار ئەنجام دەدرێن چل و نۆ پڕۆژەن.

دەشڵێت: پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکان لە بواری جێبەجێکردن دان و ھەر یەکێک بە ڕێژەیەک تەواوبووە، پڕۆژەی تێدایە ٩٨%ی تەواوبووە.

بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان  ڕوونی کردەوە: جگە ٢٧ پڕۆژەی ھاوبەشی نێوان عێراق و وڵاتانیش هەن کە ئەمانەن: (ئیماراتی، پاکستانی، کوێتی، کەنەدی، سویدی، تورکی، بەریتانی، ئەڵمانی، ئوردنی، ئەمەریکی، لوبنانی و فەرەنسی، ھۆڵەندی، ئیسپانی، مسڕی و کەنەدی، فەرەنسی)، کۆی پڕۆژەکانیش بە سەرمایەی ١ملیار و ٢٩٨ملیۆن و ٩٥١ھەزار و  ٥٠٥ دۆلار ئەنجام دەدرێن.