ئومێد خۆشناو: هاتوچۆ لە ڕۆژانی سەرژمێری قەدەغەیە

ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر  ڕایگەیاند: رۆژانی 20 و 21ـی  ئەم مانگە، بەهۆی ئەنجامدانی سەرژمێری، هاتوچۆ بە تەواوی قەدەغەیە، تەنها هێزەکانی ئەمنی و تەندروستی و رۆژنامەنووسان و چەند توێژێک نەبێت.

دووشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر  ڕایگەیاند: ڕۆژانی 20 و 21ـی مانگی تشرینی دووەمی 2024، سەرژمێریی گشتی لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بۆیە هاتوچۆ بە تەواوی قەدەغەیە، تەنها بۆ رۆژنامەنووسان و هێزەکانی ئەمنی نەبێت لە پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە و ئەوانەی لە ئەرکدان لە کەرتی تەندروستیدا کە ڕێگەیان پێدەدرێت هاتوچۆ بکەن.

پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەشی گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، یاخود لە دەرەوەی وڵات دێنەوە لەڕێگەی فڕۆکەخانە و دەروازەکانەوە، ڕایگەیاند: ئەو هاووڵاتییانە  ڕێگەیان پێ دەرێت هاتوچۆ بکەن و هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نابێت.

بڕیارە 20ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و یه‌كه‌م سه‌رژمێرییه‌ له‌ دوای 26 ساڵی ڕابردوودا.