ئاوارەکانی شنگال دەتوانن لە دهۆک کارتی نیشتمانی دەربهێنن

بە هەوڵ و کۆششی وەزارەتی ناوخۆ و لقی 17ی پارتی، لەمەودا ڕێگە بە ئاوارەکانی شنگال دەردرێت لە دهۆک کارتی نیشتمانی دەربێنن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11-11-2024، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “وەک کارئاسانیی بۆ هاووڵاتییانی نیشتەجێی ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان، لەمەودوا دەتوانن لە دهۆک مامەڵەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بکەن، لە بری چوونەوە شنگال”.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ڕوونیشی کردەوە، تیمێکی نووسینگەکەی لەگەڵ نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک و کارمەندانی فەرمانگەی کارتی نیشتمانی، سەردانی کەمپەکان دەکەن بۆ ئەوەی ڕۆژانە مامەڵەی 100 ئاوارە ڕایی بکەن، ئەمەش وەکوو خۆی گوتی “بە هەوڵ و کۆششی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لقی 17ی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بووە”.

بە گوتەی ڤیان دەخیل: “ڕۆژانە لە پێگەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک و نووسینگەی پەرلەمان ناوی ئەو کەمپە بڵاو دەکرێتەوە کە تیمی هاوبەش بۆ کۆکردنەوە و پڕکردنەوەی زانیارییەکان بۆی دەچن.”

لەلایەن خۆیەوە پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دهۆک ئەوەی خستە ڕوو “ئەمەی کراوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاسان دەرکردنی کاتی نیشتمانی بۆ ئاوارەکانی شنگال لە دهۆک، هەم بۆ کورتکردنەوەی ڕێگە هەم کەمکردنەوە خەرجییەکانی چوون و گەڕانەوە، بۆ خێراکردنی پرۆسەکەش هەموو هەماهەنگییەک دەکەن.”

لە بارەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان، پیردەیان گوتی: “ئێمەش دەمانویست هاووڵاتییانی ئێزدی و خەڵکی شنگال و ناوچەکانی دیکە هەر هەموویان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە زێدی خۆیان بوونایە، بەڵام قەدەری ئەوان وایە 10 ساڵە لە ئاوارەیی بمێننەوە، هەربۆیە ئومێد دەکەین پرۆسەکە بە زیانی هاووڵاتییان ئێزدی نەشکێتەوە.”