شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

لە هەولێر … پیشانگای کار و دەستپێکردنی “پۆرتاڵی هەلی کار” کرایەوە


ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.11.10، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و زەکیە سەعید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەروەر که‌مال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و لێنارت دێریدەر، بەرپرسی هەماهەنگی لەیەکێتی ئەوروپا و سەرۆک و ئەندامانى ژوورى بازرگانى و سەندیکای کرێکاران و نوێنەری رێکخراوی ILO و ژمارەیەکى زۆر لە خاوەن کۆمپانیا و پیاوانى کار، لە پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بە بەشدارى نزیکەی 50 کۆمپانیا، پیشانگای کار و دەستپێکردنی “پۆرتاڵی هەلی کار”ى کردەوە.

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو هەنگاوەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی گرفتی کار و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستەسەر ئەو ستەم و نا دادپەرورییەی کە حکومەتی عێراقی فیدراڵ لەبەرمبەر گەلی کوردستان بە بڕینی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان گرتیەبەر، هەروەها هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرانیش بۆ هەرێمی کوردستان بە هۆکارێکی تری بارگرانی بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی دەرفەتی کار لە هەرێمی کوردستان وەسفکرد و ئومێدی خواست ئەو پڕۆژەیە ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتر ڕەخساندنی هەلی کار بۆ لاوان و گەنجان و هاوڵاتییان و ڕۆڵی هەبێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری کە یەکێکە لە ئامانج و ستراتیژیەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

جێگەى باسە، ڕاگەیاندنی “پۆرتاڵی کار”، کە ماڵپەڕێکە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان چەندان هەلی کار لە کەرتی تایبەت لەسەر بنەمای ئەزموون و شارەزایی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت، پرۆسەیەکە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ خاوەنکاران جێبەجێ دەکرێت، تا هەلی کاری خۆیانی تێدا ڕابگەیەنن. هەروەها کارخوازانیش بەپێی بوونی ئەزموون و شارەزایی خۆیان دەتوانن لە رێگەی پۆرتاڵەکە کاری دڵخوازی خۆیانی تێیدا بدۆزنەوە، لە پیشانگاکەشدا کارخوازان دەتوانن ڕاستەوخۆ سەردانى کۆمپانیاکان بکەن و لەوێدا تیمێک هەژمارێکى تایبەتی بەخۆڕاییان بۆ دروست دەکەن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکى ئاسان بەدواى کارى دڵخوازى خۆیان بگەڕێن.