چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 13, 2024

نێچیرڤان بارزانی دەچێتە باکۆ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریی لە (COP29) دەچێتە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان.

سبەینێ دووشەممە، 11-11-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریی لە کۆنفرانسی جیهانیی کەشوهەوا (COP29) دەچێتە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان.

کۆنفرانسی ئەمساڵی جیهانیی کەشوهەوا (COP29) لە ماوەی نێوان 11 بۆ 22ـی ئەم مانگە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوە دەچێت.

ڕۆژی 22-07-2024 باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشتنامەیەکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشکێش کرد، بە مەبەستی بەشداریکردنی لە کارەکانی ئەو کۆنفرانسەیە.

کۆنفرانسەکە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و گرنگترین کۆبوونەوەی جیهانە سەبارەت بە گۆڕانی ئاو و ھەوا. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەی ئەمساڵ، ڕێککەوتنە لەسەر چۆنییەتی کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە هەژارانەی بەدەست گۆڕانی کەشوهەواوە دەناڵێنن، هەروەها بە ئامانجی سنووردارکردنی دەردانی گازە گەرمکەرەکان و کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.