هەوڵێکی نوێ هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت

لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکرێتەوە، بەگوێرەی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا سۆمۆ ئەرکی فرۆشتنی نەوتەکەی لە ئەستۆیە، حکوومەتی عێراق بڕی تێچوو و گواستنەوەی ھەر بەرمیل نەوتێک لە ٧ دۆلارەوە زیاد کرد بۆ ١٦ دۆلار، دواجار حکوومەتی عێراق تێگەیشت ڕاگرتنی نەوتی ھەرێم چەندە بە زیانی ھەرێمی کوردستانە، دوو ھێندە بە زیانی ئەوانە. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: حکوومەتی عێراق دەیەوێت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان فشار لەسەر بیرەکانی نەوتی بەسرە کەم بکاتەوە.

ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیھان لە ٢٥-٣-٢٠٢٣ ڕاگیراوە، ڕۆژی سێشەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ھاوبەش ئیمزا کرد، ئەو کات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، بەڵام زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگ بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا حکوومەتی عێراق جێبەجێی نەکردووە.
سێشەممە، ٥ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان تایبەت بوو بە پەسندکردنی پێشنیازێک بۆ ھەموارکردنەوەی ماددەی (١٢/ب٢/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵە ژمارە (١٣ـی ساڵی ٢٠٢٣)، پێشنیازە پەسندکراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە ھەموارکردنەوەی ماددەی (١٢/ب٢/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵە ژمارە (١٣ـی ساڵی ٢٠٢٣) ئەم خاڵانەی لە خۆ گرتووە، یەکەم وەزارەتی دارایی عێراق پابەند دەبێت بە قەرەبوو کردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە خەرجییە “سیادییەکان” بۆ تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت، بەرانبەر ئەو نەوتەی کە لەلایەن ھەرێمەوە بەرھەم دێت و لەلایەن کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نیشتمانی “سۆمۆ” و وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە وەردەگیرێت، پێویستە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی داھاتوودا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سامانە سرووشتییەکانی ھەرێم بگەنە ڕێککەوتنێک، دووەم پێویستە لایەنێکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی بە نزیکەیی بڕی تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق دیاری بکات و حکوومەتی ھەرێمیش پابەند بێت پێیەوە. سێیەم دەبێت دەستبەجێ نەوتی بەرھەمھێنراو لەلایەن ھەرێمەوە بدرێت بە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت “سۆمۆ” یا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەشی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی وەک پێشەنکی بۆ ھەر بەرمیلێک بە ١٦ دۆلار دەخەمڵێندرێت دەدرێتەوە بە ھەرێمی کوردستان و دوای تەواوبوونی لایەنی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتیش بڕی ئەم پارە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. سەرۆکوەزیرانی کوردستان بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر خەت بووە بۆ ئەوەی ھەرچی زووە نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێتەوە، لە دەرئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەی ھەبوون لە ئێستادا ھەنگاوەکان ئەرێنینە بۆ بەرزکردنەوەی ١٦ دۆلار بۆ خەرجی وەبەرھێنانی نەوت لە تێچوون، ھەنگاوی دواتر ھەموارکردنەوەی ماددەی ١٢ی یاسای بودجەی حکوومەتی عێراق، ھەموو ئەو ھەنگاوانەش ئەرێنین ھەم بۆ لایەنی سیاسی، ھەمیش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ بە زیادکردنی داھات و برەودان بە وەبەرھێنان لەو کەرتە ھەیە. ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوار شەممە کۆبووەوە و ڕایگەیاند، گفتوگۆ لەبارەی نوێترین پێشنیازی حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە ھەموارکردنەوەی ماددەی ١٢ـی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت کرا و ئەنجامی دواکۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان خراوەتەڕوو، ھەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دووپات کردەوە، دەبێت ھەرچی زووە، ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەستپێبکاتەوە.
د. نزار مستەفا، شارەزا لە بواری وزە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بە درێژای ١٩ مانگی ڕابردوو وەستاندنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٦ ملیار دۆلار زیان بە ئابووری عێراق گەیشتووە، ئەم لێک تێگەیشتنەی ئێستا کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ھەر دوولا بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی سێیەم بڕی پێویست بۆ تێچوو و گواستنەوەی ھەر بەرمیلێک نەوت دیاری دەکەن، ئەوەی ئێستا ماوەتەوە بۆچوونی کۆمپانیاکانە کە ئەو پرسە زیاتر لە نێوان ئەوان و حکوومەتی عێراق بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە.
سیروان نەوزاد، پسپۆری بواری وزە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” جەختی لەوەکردەوە: بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران زۆر گرنگە، چونکە کێشەیەکی گەورە ھەبوو لە خەمڵاندنی بڕی تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ئەو بڕەی کە دانرابوو لە خشتەی یاسای بودجە نیوەی ئەو بڕەی کە پێشکەش کرا بوو لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بەڵام ئەو پێشنیازەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زۆر گرنگە، چونکە ڕاوێژ دەکرێت بە لایەنی بیانی پسپۆر بۆ تێچوو و گواستنەوەی نەوت بۆ ھەر کێڵگەیەک بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، کە ساڵێک و حەوت مانگە وەستاوە زیانی گەیاندووە بە ئابووری عێراق، بۆیە گەشبینم لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێتەوە.
ئەو پسپۆرەی بواری وزە، زیاتر گوتی: ھەناردەکردنەوەی نەوت لە قازانجی ھەرێمی کوردستانە، نەک تەنیا مووچە، بەڵکو دوای ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بەشە بودجەی کوردستان ڕەوانە دەکرێت.
ئابووری عێراق ٩٥% نەوتە، یەک ڕۆژ پرۆسەی ھەناردەکردنی نەوت دوا بکەوێت، کە ڕۆژانە سێ ملیۆن و ٥٠٠ سەد ھەزار بەرمیل نەوت لە عێراق ھەناردە دەکرێت کارەسات ڕوودەدات. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: حکوومەتی عێراق پەلەیەتی نەوتی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکات بۆ ئەوەی فشار لەسەر بیرەکانی نەوتی بەسرە کەم بێتەوە.
خەلیل غازی، ئاشکراشی کرد: بۆرییەکانی نەوتی عێراق گەیشتوونەتە دۆخێک کە خەریکە لەکار دەکەون، بۆ ئەوان کێڵگە و بۆرییەکانی نەوتی کوردستان ئامادەن لەگەڵ ئەمبارەکان لە بەندەری جیھان، بۆیە حکوومەتی عێراق پێیوایە، بۆ ئەوان باشترین ئەلتەرناتیفە و قازانج دەکەن نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێتەوە.