بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا: ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لە ساڵی ڕابردووەوە نزیکن

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاند “بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، لە 10 مانگی ئەمساڵ، گۆڕانێکی ئەوتۆ لە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی ڕووی نەداوە.” 

پێنجشەممە، 07-11-2024، دكتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری ئەو تووشبووانەی شێرپەنجەی ڕاگەیاند کە لە ساڵی 2023 و 10 مانگی ساڵی 2024، چارەسەریی پزیشکییان لە نەخۆشخانەکەیان وەرگرتووە.

وەکوو ئەوەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا باسی کرد: “لە ساڵی 2023، پشکنین بۆ شەش هەزار و 442 نەخۆش لە نەخۆشخانەکەمان کراوە، دەرکەوت لەو ژمارەیە سێ هەزار و 356ـیان تووشبووی شێرپەنجە بوون.”

لە 10 مانگی ڕابردووی ئەمساڵیش، وەکوو ئەوەی نەقشبەندی ئاماژەی پێ دا “نەخۆشخانەی هیوا پشکنینی بۆ پێنج هەزار و 866 نەخۆش کردووە کە لەو ژمارەیە سێ هەزار و 151ـیان تووشبووانی شێرپەنجە بوون.”

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا پێی وایە “ئەگەر بەراوردی ئامارەکانی ساڵی 2023 لەگەڵ 10 مانگی ڕابردووی ئەمساڵ، بە هەژمارکردنی هەردوو مانگی 11 و 12 بکەین؛ گۆڕانێکی ئەوتۆ لە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەدا ڕووینەداوە و لە یەکدییەوە نزیکن.”

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا گوتیشی: “لە نەخۆشخانەکەمان بێجگە لە تووشبووانی شێرپەنجە، چارەی نەخۆشانی دیکەش دەکرێت.”

نەقشبەندی دووپاتی کردەوە: “ئەو ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە کە لەلایەن نەخۆشخانەی هیواوە بڵاو دەکرێنەوە، هەمووان تایبەت نین بە سەنتەری شاری سلێمانی، بەڵکوو تووشبووی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیشی تێدایە؛ هەر بۆیە ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن ‘شاری سلێمانی بووەتە چەقی تووشبوون بە شێرپەنجە’ دوورن لە ڕاستییەوە.”