بڕیاری هەڵگرتنی باج و قەدەغەی هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە درا

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیارێکیان دەرکردووە بە هەڵگرتنی باج و قەدەغەی هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

چوارشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2024، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، بڕیاردرا بە هەڵگرتنی باج و قەدەغەی هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت: دوای بەدواداچوونمان بۆ بەرهەمی تەماتە لە تەواوی سنووری بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، بۆمان دەرکەوت کە ئەم بەرهەمە لە بازاڕەکانی هەرێم کەمبوەتەوە و بەشی پێویستی هاووڵاتیان ناکات، لە هەمانکاتدا نرخی بەرزبوەتەوە ، بۆیە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەرووبوومی کشتوکاڵی و پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، بڕیارماندا بە هەڵگرتنی باج و قەدەغە لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی وولات ،بۆ ئەم مەبەستە سەرجەم لایەنە فەرمیەکانمان ئاگادار کردوەتەوە بۆ وەرگرتنی رێککاری پێویستی کارگێری و یاسایی .