کونسڵی گشتیى شانشینى عەرەبى ئيمارات، ماڵئاوایی لە پارێزگاری هەولێر کرد

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.11.6، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى له‌ ئه‌حمه‌د ئه‌لزاهرى، كۆنسولی گشتی شانشى عەرەبى ئیمارات لە هەولێر كرد.

لە دیدارەکەدا، كۆنسولی گشتی ئیمارات ئاماژەی بەوەدا، مەبەست لە سەردانەکەیان ماڵئاوایی و کۆتایهێنانە بە کارەکانی وەکو کونسڵی وڵاتەکەى لە هەولێر و لە شوێنی ئەودا حکومەتی وڵاتەکەی کونسوڵێکی تازەى دەستنیشانکردووە و لەو نزیکانە دەست بەکاردەبێت، “ئه‌حمه‌د ئه‌لزاهرى” سوپاسی پارێزگاری هەولێر و ئیدارەی پارێزگاى هەولێر و حکومەتى هەرێمى کوردستانی کرد بۆ ئەو پەیوەندییە و هەماهەنگی و هاوکاری و ئاسانکارییانەی کە لە ماوەی ساڵانى ڕابردووى کارکردنیدا پێشکەشیان کردووە، هەروەها ڕایگەیاند، “ئەوماوەیەى کە لە هەولێرى پایتەخت بوومە هەردەم وا هەستم کردووە لەنێو ماڵ و کەس وکارى خۆمدا و کوردستانم بە ماڵى خۆم زانیوە”.

لە بەرامبەردا پارێزگاری هەولێر، جەختى لەوەکردەوە کە هەولێر هەمیشە دەرگاى بۆ تۆ کرایەوە و کوردستان وڵاتى خۆتە، هەروەها ڕۆڵى بەرێزیان و کونسڵخانە و حكومه‌تی ئیمارات و مانگى سوورى ئیماراتى له‌ هاوکاری و هەماهەنگییان لەگەڵ حکومەتى هه‌رێم و پارێزگای هەولێر و دەزگاى خێرخوازیى بارزانى له‌ ئەنجامدانى كاره‌ مرۆییه‌كان و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان بەرز نرخاند، سوپاسى بەرێزیانیشى کرد کە لە دواى دسەتبەکاربوون و کارکردنى ئەودا، پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و شانشینى ئیماراتى عەرەبى بەرە و پێشچوونى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە.

پاشان، وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێزیان هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە کارى داهاتووى، ئومێدیشى خواست لە داهاتوودا لەگەڵ کونسڵى نوێى وڵاتەکەیان هەمان پەیوەندی و دۆستایەتیان هەبێت لە پێناو تۆکمەترکردن و گەشەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئیمارات.

لە کۆتایدا کونسڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، دووبارە سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ هەموو ئەو هاوکارى و ئاسانکارییانەى کە لە ماوەى کارکردنى لە هەولێرى پایتەخت لە ڕایککردنى کارەکانى کونسڵخانە پێشکەشیان کراوە.