سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

ماڵپەڕی فەرمیی ئەلیکترۆنی، بۆ بەشداربوون لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی کارا دەکرێت

دەستەی ئاماری هەرێم، ماڵپەڕی پێشکەشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی بە ناونیشانی: https://census-job-krd.com ڕادەگەیەنێت، بەمەبەستی بەشداربوون لە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ وەک بژمێر (عداد).
ماڵپەری ئاماژە پێکراو لە ڕۆژانی 6-7-8ی ئەم مانگە کارا دەکرێت، بە مەبەستی پێشکەشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی، بەپێی سنووری نیشتەجێبوون لەسەر ئاستی (گەڕەک یان گوند).
لە ماڵپەرەکەدا ڕێنمایی و مەرجی پێشکەشکردن خراوەتە ڕوو, بۆ هەموو دەرچوویەکی (زانکۆ و پەیمانگاکان) بە ویستی خۆیان فۆڕم پێشکەش دەکەن.

ئەم هەوڵەی وەزارەتی پلاندانان لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانە بۆ ئەنجامدانی کاری مەیدانیی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان، کە لە ڕۆژانی 16-17-18-19 ئەم مانگە دەست پێدەکات.
پێشکەشکار، لە سنووری نیشتەجێبوونی خۆی و تەنیا یەک جار فۆڕم پێشکەش دەکات، وە مەرج نییە هەموو پێشکەشکارێک ناوی بگەڕێتەوە وەک بژمێر، چونکە بەپێی پێداویستی و ژمارەی دیاریکراو لەسەر ئاستی گەڕەک و گوند دەستنیشانی پێشکەشکاران دەکرێت.

دواتر دەستەی ئاماری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاماری پارێزگا و ئیدارەکان، بەپێی ژمارەی پێویستیی دیاریکراو، لەسەر ئاستی گەڕەک و گوند و ناحیە و قەزاکان، ڕاگەیاندن بۆ ناوەکان لەهەمان ماڵپەڕەوە دەکەن.