مەسرور بارزانی: ئەجێندای پارتی هەمیشە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان بووە

جێگری سەرۆکی پارتی، ڕایگەیاند، ڕابردووی پارتی پڕە لە شانازی و بەرگریی. جەختی لەوە کردەوە، هەڵبژاردن تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی شێوازی حکوومڕانی لە وڵاتەکەمان دیاری بکەین.

سێشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، بە مەبەستی پشتیوانیکردن و سەرخستنی لیستی 190ـی پارتی، لە شاری هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتی لە سەندیکاکانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، پارتی ئەوە حزبە بووە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئامادە نەبووە کە دان بەوە دابنرێت بستێک خاکی کوردستان جیا بکرێتەوە، هاوکات ئامادەبوو شۆڕشێکی لەسەر ئەو پرسە دابنێت.

هاوکات دەڵێت: پارتی ئەو حزبەیە کە لەژێر سەرکردایەتی بارزانی نەمر ئامادە نەبوو واز لە کەرکووک بهێنێت، چونکە پێی وابوو هیچ بەشێکی خاکی کوردستان لە کوردستان جیا ناکرێتەوە.

ئاماژەی بەوە دا، ئەجێندای پارتی هەمیشە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان بووە، پارتی شانازی بەوە دەکات کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سازشی لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کورد نەکردووە، پارتی هەمیشە خۆی کردووەتەوە قوربانی نەتەوە و خەڵکی کوردستان.

لەبارەی ریفراندۆمەوە، مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند، پارتی ئەو پارتییە بوو کە بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی نیشانی هەموو جیهانی دا ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئیرادەیەکە کە هەرگیز ناشکێت و بڕیاری ڕیفراندۆمی دا، ڕێفراندۆمیش بە دەنگی زۆرینەی گەلی کوردستان سەرکەوت، ئەمەش شانازییەکی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

دەشڵێت: زۆر کەس و لایەن هەبوون لەگەڵ پارتی بوون و چاوەڕێی دەستکەوتی زیاتر بوون، بۆیە شان بە شانی پارتی بەشدارییان لە ڕیفراندۆم کرد و دەنگیشیان دا، بەڵام دواتر هەڵویستی جیاوازیان وەرگرت، بەڵام ئەو کەس و لایەنانە بەو شکشتە سایکۆلۆجییەی کە تووشی بوون، خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ ڕیفراندۆم کرد.

جێگری سەرۆکی پارتی، ڕوونی کردەوە، ڕیفراندۆم کەمترین مافی هاووڵاتیەیک بوو بۆ ئەوەی باس بکات بڵێت من چیم دەوێت، هەوڵێکی زۆر درا ئیرادەی گەلی کورد بشکێندرێت، بەڵام پارتی نەیهێشت ئەو ئیرادەیە بشکێندرێت و ڕیفراندۆمی سەرخست.

لەبارەی هێرشی تیرۆرستانی داعش، مەسرور بارزانی، گوتی: کاتێک کە هێرشی دڕندانەی تیرۆستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان هات، بوون بە مەترسییەکی جیددی لەسەر ئاشتی و ئاشتەویی هەموو جیهان، پێشمەرگە و سەرکردایەتی پارتی پێش هەموو لایەنێک لە سەنگەری بەرگریدا بوون، پارتی ئەو لایەنەیە کە هەمیشە شەڕ بۆ ئاشتی دەکات.

جەختی لەوەش کردەوە، پارتی هەمیشە ئەو لایەنەیە کە شەڕ بۆ ئەوە دەکات هەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت و ئاشتی لە هەموو ناوچەکە جێگەی شەڕ و ئاژاوە بگرێتەوە، سیاستەی پارتی سیاسەتێکی زۆر دیار بووە، لەگەڵ ئەوەی بەرگریی لە دەستکەوتەکانی نەتەوە و نیشتمان کردووە، بەرنامەشی هەبووە کە چۆن بتوانرێت پرۆژەی باشتر بۆ خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان جێبەجێ بکرێت.

ھەواڵی زیاتر