نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ڕووسیا: هيوادارین بانگه‌شه‌يه‌كى ئارام و سەرکەوتوو بەڕێوە بچێت

پێشنیوه‌ڕۆی سێشه‌ممه، 1ـی ئۆکتۆبەری 2024، سەرۆکایەتیی هەرێم ڕایگەیاند “نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، له‌ دیدارێکدا له‌گه‌ڵ ئێلبروس کوتراشێڤ باڵیۆزی ڕووسیا له‌ عێراق، ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ڕووسیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر- به‌غدا و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “هه‌ردوولا وێڕاى داكۆكى له‌ گرنگيى هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌رێمى كوردستان، هيواى به‌ڕێوه‌چوونى بانگه‌شه‌يه‌كى ئارام و سەرکەوتوویان بۆ پرۆسه‌ى ده‌نگدان خواست، هه‌روه‌ها پێشبینی و بۆچوونی خۆیان ده‌رباره‌ی ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى سياسى له‌ هه‌رێمى كوردستان، خسته‌ ڕوو”.

ڕاشیگەیاند “دوایین پێشهاته‌کانی شه‌ڕ له‌ ئۆکراینا و دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌گه‌ر و لێکه‌وته‌کانی، لایه‌نێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌ بوون که‌ کونسوڵی گشتیی ڕووسیا له‌ هه‌رێمی کوردستان، ئامادەی بوو”.