ئاسایشی هه‌ولێر: له‌ لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانی شاڵاو كۆسره‌ته‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ خاوه‌نی پرسه‌كه‌ی مزگه‌وتی ڕه‌شاد موفتی‌ كراوه‌

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی پرسه‌ی هاووڵاتییه‌ك له‌ مزگه‌وتی ڕه‌شاد موفتی له‌ هه‌ولێر، ده‌مه‌قاڵی دروست بووه‌ و دواتر له‌ لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانی شاڵاو كۆسره‌ته‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ خاوه‌نی پرسه‌كه‌ كراوه‌ و بریندار كراوه‌.

دووشه‌ممه‌، 30ـی ئه‌یلوولی 2024، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاندووه‌، بنه‌ماڵه‌ی قه‌هار سابیر عه‌لكه‌ پرسه‌یان له‌ مزگه‌وتی ڕه‌شاد موفتی له‌ هه‌ولێر هه‌بووه‌ و “شاڵاو كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ” به‌بێ ئاگه‌داركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته‌ چووه‌ته‌ پرسه‌كه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی خاوه‌ن پرسه‌كه‌وه‌ پێیان ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ پرسه‌كه‌ به‌ جێ بهێڵێت و ڕازی نین به‌ چوونی بۆ پرسه‌كه‌ و دڵنه‌واییكردنیان، چونكه‌ له‌ ڕابردوودا دوو كه‌سی ئه‌و ماڵه‌ی پرسه‌یان هه‌بووه‌، به‌ ده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی شاڵاو كۆسره‌ت “شه‌هید” كراون.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، له‌ ئه‌نجامدا مشتومڕ دروست بووه‌ و پاسه‌وانه‌كانی شاڵاو كۆسره‌ت به‌بێ ڕێزگرتنی حه‌ره‌می مزگه‌وت و له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی خاوه‌نی پرسه‌كه‌، هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر خاوه‌نی پرسه‌كه‌ و ته‌قه‌یه‌كی زۆریان كردووه‌ و خاوه‌نی پرسه‌كه‌یان بریندار كردووه‌.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، یاسا سه‌روه‌ره‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌قه‌یان كردووه‌ و له‌م كاره‌ نایاساییه‌دا به‌شدار بوون، ڕووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێنه‌وه‌.