نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ پارێزگار و كارگێڕيى سلێمانى كۆبووه‌وه‌

سێشه‌ممه‌، 24ـی ئەیلوولی 2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ سه‌ردانێكدا بۆ پارێزگای سلێمانى، له‌ ته‌لارى پارێزگا له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى پارێزگاكه‌، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخى گشتيى پارێزگاى سلێمانی، به‌تايبه‌تى له‌ڕووى كارگێڕى و خزمه‌تگوزارييه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌كارييه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و ده‌ستپێكردنى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن تاوتوێ كران و تيشك خرايه‌ سه‌ر پێداويستييه‌كانى چه‌ند پرۆژه‌يه‌كى سنوورى پارێزگاكه‌.

نێچيرڤان بارزانى، باسى له‌ گرنگيى سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى ده‌نگدان كرد و جه‌ختى له‌ به‌ڕێوه‌چوونى بانگه‌شه‌يه‌كى شارستانيى هه‌ڵبژاردن له‌ سلێمانى و ته‌واوى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.

هەروەها وێڕاى ده‌ربڕينى پشتگيريى خۆى بۆ كارگێڕيى پارێزگاكه، بڕيارى جێبه‌جێكردنى ژماره‌يه‌ك له‌ داواكارييه‌كانيانی دا.

لەلایەکی دیکەوە چۆنيه‌تيى بره‌ودان به‌ كه‌رته‌ جياجیاكان له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌وڵدان بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كانى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى سلێمانى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ست به‌ كاروبارى پارێزگاكه‌وه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.