لە سنووری مێرگەسۆر چەندین پڕۆژەی ڕێگەوبان بەگوژمەی ٨ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە سنووری قەزای مێرگەسۆر کۆمەڵێک پڕۆژە لە بواری ڕێگەوبان بەگوژمەی ٨ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن، کە ھەندێک لەو ڕێگەوبانانە تەواوبوونە و کەوتوونەتە خزمەت ھاووڵاتییان و گەشتیاران، ھەندێکیشیان ماون و لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.

دەروازەی نێودەوڵەتی زێت
لە چوارچێوەی کاروانی ئاوەدانی پڕۆژەی قیڕتاوکردنی ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بەگوژمەی چوار ملیار و دوو سەد و پەنجا ملیۆن دینار بە کۆتا ھات. ئەو پڕۆژەیە بە سێ قۆناغ قیڕتاو کرا، دەروازەکە قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سۆران بە قەزای ڕووبارۆک لە باکووری کوردستان دەبەستێتەوە و ئێستا ڕۆژانە دوو ھەزار گەشتیار بەو دەروازەیەدا ھاتووچۆ دەکەن، ھاووڵاتییان و گەشتیاران سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ کردنەوەی دەروازەکە و قیڕتاوکردنی ڕێگەکە. غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، دەڵێت: کاروانی ئاوەدانکردنەوە بەردەوامە، یەکێک لەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیانەی کە لە سنوورەکە کرایەوە دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بوو، پاش ئەوەی دە ساڵ بوو پڕۆژەکە لەبەر قەیرانی دارایی و شەڕی داعش ڕاگیرا بوو، سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی دا کە ئەو دەروازەیە بکرێتەوە، بەگوژمەی چوار ملیار و دوو سەد و پەنجا ملیۆن دینار ڕێگەکە قیڕتاو کرا و ئێستا کەوتووتە خزمەت ھاووڵاتییان و گەشتیاران کە بەو دەروازەیەدا ھاتووچۆ دەکەن.
ڕێگەی سەرەکی گۆڕەتوو – بارزان نۆژەن دەکرێتەوە
بەبڕیاری سەرۆکی حکوومەت ڕێگەی گەلی ئەشکەوتووا، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بە درێژایی دە کیلۆمەتر و بەگوژمەی دوو ملیار و دوو سەد و شەست و حەوت ملیۆن و پەنجا و چوار ھەزار دینار فراوان و نۆژەن دەکرێتەوە. غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، ڕاگەیاند، ڕێگەی گەلی ئەشکەوتووا پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و ھەر دوو ناحیەی بارزان و ناحیەی گۆڕەتوو بە یەکەوە دەبەستێتەوە ئاسانکاریەکی زۆر بۆ ھاتووچۆکردنی ھاووڵاتییان دەکات، مەلا مستەفا بارزانی ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەتی وەرگرت ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە دوای تەواوبوونی بەشێوەیەکی جیاوازتر دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان و شۆفێران. لەلایەکی دیکەوە ڕزگار دۆڵەمەری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی سنوورەکە و بە درێژایی دە کیلۆمەتر ڕێگەکە قیڕتاو دەکرێت، ئەو پرۆژەیە پێکدێت لە فراوانکردن و قیڕتاوکردنی ڕێگەکە لەگەڵ دیواری پاڵپشت لەو شوێنانەی کە پێویستە، ماوەی پڕۆژەکەش ٤٥٠ ڕۆژە و کۆمپانیای جێبەجێ کار ھەوڵدەدات پێش ئەو ماوەیە پڕۆژەکە تەواو بکات.
ڕێگەی سەرەکی سێ گوند و کۆڵانەکانیان قیڕتاو دەکرێن
ئەندازیار ڕزگار دۆڵەمەری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، ئاشکرای کرد: پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگ لە سنووری ناحیەی بارزان جێبەجێ دەکرێت، ئەویش قیڕتاوکردنی ڕێگەی گوندەکانی ھۆستان، ڕیشە و ھەسنەکایە، ئەو ڕێگەیە بە درێژایی نۆ کیلۆمەتر قیڕتاو دەکرێت، جگە لەوەی کۆڵانەکانی ئەو گوندانە قیڕتاو دەکرێن، پڕۆژەکە زۆر نەماوە و ئەمساڵ دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانی ئەو گوندانە، پڕۆژەکەش لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەگوژمەی سێ ملیار و دوو سەد و دوو ملیۆن و شەش سەد و حەفتا و پێنج ھەزار دینار جێبەجێ دەکرێت.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، گوتیشی: دەرخستەمان بۆ ڕێگەی سەرەکی مێرگەسۆر- سۆران کردووە کە زۆر پێویستە و داوامان کردووە لە ماوەیەکی نزیکدا کار لەسەر ئەو ڕێگەیە بکرێت، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باشتر بکەوێتە خزمەت شۆفێران و ھاووڵاتییانی سنوورەکە.

ھەواڵی زیاتر