بڵند ڕەزا، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ: پێنج هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکەین

ھەنگاوی کردەیی بۆ ئامادەکردنی پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران لە سنووری شارەوانییەکان نراوە، بۆ خێراترکردنی پرۆسەکەش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەردەوام لەگەڵ نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان کۆدەبێتەوە. سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ، دەڵێت: تەنیا لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ پێنج ھەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران و ھێزی پێشمەرگە ئامادە کراون.

ڕۆژی ٢٧-٣-٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە تا ئێستا سوودمەند نەبوونە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕاسپارد.
بڕیاری پێدانی زەوی لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ ڕاگیراوە و تا ئێستا فەرمانبەران بەشێکیان سوودمەند نەبوونە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەو بڕیارە ھیوای بۆ فەرمانبەران گەڕاندەوە. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، دابەشکردنی زەوی بڕیارێکی گرنگ بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش نەکراوە و دوای ١٨ ساڵ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەرکرد کە تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوونە، ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ خەڵک کە دۆخی ناھەمواری ئابوورییان سووکتر دەکات.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڵاویکردەوە، بەمەبەستی بەخێرایی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ھەنگاوی کردەیی بۆ ئامادەکردنی پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکان نراوە و ئێستاش کارکردن لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامە، ھاوکات سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان سەرجەم تیمە ئەندازیارییەکانی خۆیان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی ھەنگاوەکانی ڕووپێویکردنی زەوی، چڕتر و خێراتر بکەنەوە بەمەبەستی دەستنیشانکردنی نەخشەکان لە نزیکترین کاتدا، تاوەکو فەرمانبەران بەزوویی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند ببن.
ناوی ئەو فەرمانبەرانەی فەرمین و زەوییان وەرنەگرتووە، بە لیست دراوەتە قایمقامیەتی قەزاکان، ئەوانیش بۆ پارێزگاکان و شوێنی مەبەستیان ڕەوانە کردووە و ئێستا کاری لەسەر دەکەن، ڕووبەری ئەو پارچە زەویانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت نابێت لە دوو سەد مەتر کەمتر بێت واتە درێژیەکەی ھەشت مەتر و پانییەکەی بیست و پێنج مەتر بێت و پانی شەقامەکان بۆ ناو شار و قەزا و ناحییەکان دوازدە مەتر کەمتر نەبێت.
بڵند ڕەزا، سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی ئاکرێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەکاری دەکات بۆ دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا.
سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی ئاکرێ، ئاشکراشی کرد: وەزیری شارەوانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانییەکان کردووە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن، بۆ ئەم مەبەستە چەند ڕۆژێک دەبێت ڕاسپێردراوین بۆ ئەوەی نەخشە ئامادە بکەین، لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی ئاکرێ نەخشەی کەرتی دروست کراوە کە ٩٠٠ دۆنم زەوی ھی وەزارەتی داراییە و گرێبەستن، ھەروەھا ھەزار و دوو سەد پارچە زەوی موڵکی شارەوانییە، لەگەڵ ئەوەی سێ ھەزار و ھەشت سەد پارچە زەوی ھی وەزارەتی داراییە و پێویستی بە دەست ھەڵگرتن و گواستنەوەیە، بۆیە لە ئاکرێ ھەنگاوی باش نراوە و پێنج ھەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و ھێزی پێشمەرگە دابەشدەکرێن.

ھەواڵی زیاتر