پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2024، لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە خاتوو ئەلینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا، ستیڤن بینەر، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادە بوو، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئاماژەی بە دەرئەنجامەكانی دوایین سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا كرد، كە كاریگەرییەكی زۆری هەبووە لەسەر ڕوانگەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق و خوڵقاندنی كەشێكی ئیجابی بۆ مامەڵە لەگەڵ پرسە جیاجیاكان.
هەر لەو دیدارەدا باس لە بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی ئۆكتۆبەری داهاتوو و پێویستیی بەڕێوەچوونی كەمپەینەكان لە كەشێكی ئازاد و دوور لە گرژی كرا.
پرسی مانەوەی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر عێراق و ناوچەكە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.