سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانکیی ناوەندیی عێراق کرد.

سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی بواری بانکی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەی ( هەژماری من) کرد کە تا ئێستە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە مووچەخۆرانی کەرتی گشتی تۆمارکراون و پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتوودا مووچەی دووسەد هەزار کەس لە ڕێگەی (هەژماری من )ەوە بدرێت.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پڕۆژەکە و پشتیوانیی و چاودێریی بانکی ناوەندی.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پارێزگاری بانکی ناوەندیی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی تایبەتی خۆی لە هەژماری من و چاکسازییە بانکییەکانی حکومەتی هەرێم.

هەروەها باسی لە گەشەکردنی خواستی دامەزراوە داراییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ هەماهەنگیکردن و پشتگیریکردن لە ستراتیژیی حکوومەتی هەرێم لە بواری داراییدا کرد و خێراترکردنی گشتگیری دارایی لە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی بانکیی ناوەندیی عێراق و هەنگاوەکانی بە دیجیتەڵکردنی بانکەکان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.