دوانیوەڕۆی پێنجشەممە، 05-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانی نووژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێری بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانی دووکاندار و کاسبکاران گرت.
شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.
لەلایەن خۆیەوە، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر و بازاڕەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە.
دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد، بەپێی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.
گوژمەی تەخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینارە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاوکاریکردنی کاسبکاران لە پارەی زبڵ و خاشاک، تابلۆ و باجی 50% بۆ ساڵی 2023 و 100% بۆ ساڵی 2024 خۆشبووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشتر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، مەسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی هەرێمی کوردستان بهرنامهیهكی ئامادەکردووە بۆ هاوکاریکردنی ئەو دووکاندارانەی دووکانەکانیان سووتاوە و لهم نزیكانهدا هاوكاریییان دهكرێت.