مەسرور بارزانی: هەرگیز کۆڵنادەین لە خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، “هەرگیز کۆڵنادەن لە خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق”. گوتیشی، “ئامانجی سەرەکی ئێمە، پێشخستن و بونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان”. 

دوانیوەڕۆی چوارشەممە، 04-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێزلێنانی بەخشییە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان و لە گوتارێکدا باسی لە پلان و بەرنامەکانی داهاتووی حکوومەت کرد بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق. 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، “ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ ڕۆڵی بەرپرسانە و نیشتمانپەروەرانەی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو لە هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامە چاکسازییەکەی بە جۆرێک کە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکتر بوون و پێکەوە چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیجییان ئەنجام داوە”.

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، “لە ساڵانی ڕابردوو، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی دارایی بووینەوە، کێشە، کۆسپ، گیر و گرفتی زۆریان لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە دروست کرد، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و سوپاس بۆ خۆڕاگریی هاووڵاتییانی خۆشەویستیی هەرێمی کوردستان و پشتگیریی و پشتیوانیی (وەبەرهێنەران) توانیمان بەشێکی زۆری ئەو کێشە و ئاستەنگانە تێپەڕێنین و درێژە بە بەرنامە و پرۆژەکانی حکوومەت بدەین بەو جۆرەی تاوەکو ئێستا توانیومانە بەردەوام بین و ڕووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانەش ببینەوە”.  

مەسرور بارزانی، سوپاسێکی تایبەتی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان، چونکە وەکو خۆی گوتی، “لە کاتی قەیرانەکاندا، ڕۆڵێکی نیشتمانپەروەرانەیان هەبووە و یارمەتیدەری حکوومەت بوون، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بکات”.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، “ئامانجی سەرەکی ئێمە، پێشخستن و بونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها دەمانەوێت ناوچەکانی دیکەی عێراقیش پێشبکەون. عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی، مرۆیی و ماددی و داهاتێکی زۆریشی هەیە، بەڵام جێگەی داخە بە هۆی نەبوونی ئیدارەدانێکی باش و خزمەتگوزار، ئێستا هاووڵاتییانی عێراق لە دۆخێکی خراپدا دەژین و، لەو داهاتە زۆر و زەوەندەی عێراق بەهرەمەند نین”.

بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، “دۆخی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لە عێراق، لە ئاستێکی خراپدایە. بەداخەوە هەرێمی کوردستانیش باجی سیاسەت و مامەڵەیەکی ناتەندروست و ناڕەوا دەدات کە لەلایەن هەندێک کەسەوە دژی حکوومەت دەکرێت کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکەن”.  

پێشکەوتن و گەشەکردنی هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران گوتی، “لە قازانجی هەموو عێراقدایە و پێویست بوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، پێشبڕکێ بکەن لەسەر ئەوەی کێ زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان بکات و پرۆژەی گرنگ و ستراتیجی جێبەجێ بکات”.

مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، “ئێمە هەرگیز کۆڵنادەین و بە پشتیوانی خوای مەزن و هاوکاریی ئێوەی بەڕێز بەردەوام دەبین لە بەرنامەکانمان لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق”.