سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى كونسوڵى گشتيى ئه‌ڵمانيا ده‌كات

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2024/9/2 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ به‌ڕێزان كڵاوس شترايشه‌ر كونسوڵى گشتيى پێشوو و ئالبرێشت فۆن ڤيتكه‌ كونسوڵى گشتيى نوێى ئه‌ڵمانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ ديدارێكدا، وێڕاى ده‌ربڕينى سوپاس و پێزانين بۆ كار و ئه‌ركى به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى پێشووى ئه‌ڵمانيا، ماڵئاوایی لێ کرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى نوێیدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها به‌خێرهاتنى به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى نوێى ئه‌ڵمانياى كرد و هه‌موو پشتگيرييه‌كى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى نيشان دا.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز شترايشه‌ر خۆشحاڵيى خۆى به‌ ماوه‌ى كاركردنى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ستايشى پشتگيريى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانی بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كەى كرد. به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى نوێى ئه‌ڵمانياش وێڕاى نيشاندانى خۆشحاڵى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى، پشتگیری و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان بە په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا دووپات كرده‌وه‌.

له‌ ديداره‌كه‌دا‌ باس له‌ دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كرا. له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگيى هه‌ڵبژاردن و سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و گوتى: له‌ هه‌ڵبژاردندا گه‌لى كوردستان براوه‌يه‌ و هه‌موو لايه‌ك ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ن هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌شێكى ئارام و هێمندا به‌ڕێوه‌ بچێت.

دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.