بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، ژمارەیەک قوتابخانەی کۆیە نۆژەن دەکرێنەوە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕی 300 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی چەند قوتابخانەیەک لە کۆیە تەرخان کرد.

یەکشەممە، 01-09-2024، د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 300 ملیۆن دینار نەختینەیی دابین کرا بۆ نۆژەنکردنەوەی چەند قوتابخانەیەک لە قەزای کۆیە.

بە گوتەی وەزیری پەروەردە، لەم هەفتەیەدا دەست دەکرێت بە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی قەزای کۆیە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بە مەبەستی فراوانکردنی ژێرخانی پەروەردە و نەهێشتنی سیستەمی دوو دەوامی و سێ دەوامی لەنێو قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن؛ کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ژوور و قوتابخانەی نوێی دروست کردووە و ژمارەیەکی دیکەش لە قۆناغی تەواوکردن دان.

بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024 – 2025، 42 باڵەخانەی نوێی باخچەی منداڵان و قوتابخانە لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەکەونە خزمەتی قوتابییان؛ بەوپێیەش سیستەمی دوو دەوامیی لە زۆرینەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان نامێنێت.

لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا بە شێوەیەکی گشتی، زیاتر لە 195 باڵەخانە و 460 ژووری نوێی بۆ کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان دروست کراون و 1660 قوتابخانە نۆژەنکراوەتەوە؛ لە ئەنجامی ئەمەشدا شوێنی نوێی خوێندن بۆ زیاتر لە 100 هەزار قوتابی لە کەرتی حکوومەتیدا کراوەتەوە.

ھەواڵی زیاتر