سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رەزامەندی دا بۆ بەخشینی پاداشتی دارایی بە شێوەی هەمیشەیی بەو یانە و پاڵەوانانەی، كە لە ئاستی خول و پاڵەوانێتییەكانی ناوخۆ و دەرەوە پلەکانی یەکەم بەدەستدەهێنن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزشی کوردستان ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، کە دوای نووسراویان لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ خەڵاتكردنی تیپ و یاریزانە پاڵەوانەكان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رەزامەندی داوە خەڵاتی دارایی پێشكەش بە وەرزشوان و تیپە سەركەوتووەكان بكرێت.
لە بڵاوکراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەرزش هاتووە، لەمەودوا ئەو تیپ و یانە و پاڵەوانانەی لە ئاستی خولەكانی ناوخۆ، عێراق و ئاسیا و جیهان نازناو یان پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەست دەهێنن، پاداشتی دارایی وەردەگرن.
دەقی بڵاوکراوەی بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش:
موژدەیەكی گەورە بۆ وەرزشوانە پاڵەوانەكانی یارییە تاک و بەکۆمەڵەکانی كوردستان
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر پاداشتی دارایی یەكەمەكانی وەرزش دا
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دا بۆ بەخشینی پاداشتی دارایی بە شێوەی هەمیشەیی بەو تیپ و پاڵەوانانەی كە لە ئاستی خول و پاڵەوانیەتییەكانی ناوخۆ و دەرەوە پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەست دەهێنن، بڕیارەكەش لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن.
دوابەدوای نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ خەڵاتكردنی تیپ و یاریزانە پاڵەوانەكان، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار مەسرور بارزانی رەزامەندی دا خەڵاتی دارایی پێشكەش بە وەرزشوان و تیپە سەركەوتووەكان بكرێت.
بە نووسراوی ژمارە 11582 لە رێكەوتی 28.8.2024 رەزامەندی لەسەر نووسراوەكە درا و بە ئیمزای ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كراوە.
بەم شێوەیە لەمەودوا ئەو تیپ و یانە و پاڵەوانانەی لە ئاستی خولەكانی ناوخۆ، عێراق و ئاسیا و جیهان نازناو یان پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەست دەهێنن، پاداشتی دارایی وەردەگرن، ئەمەش دوای هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەرزش بۆ جێگیركردنی ئەو پاداشتە بە شێوەیەكی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ وەرزشوانانی كوردستان و بەپێی ئەو رێنمایی و پۆلینەی كە دانراوە.
هاوكات لە نووسراوەكەدا ئاماژە بە رەزامەندی وەزارەتی دارایی و ئابوورییش كراوە و داواكراوە لە ئەمڕۆوە كاری پێویست بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش دەمێكە كار لەسەر ئەوە دەكات، وەرزشوانانی كوردستان بەرامبەر دەستكەوت و ئەنجامە باشەكانیان خەڵاتی دارایی وەربگرن و دواجار كارەكان گەیشتنە ئەنجام، كە دەستكەوتێكی گرنگە بۆ وەرزشوانانی كوردستان.
لێرەدا جێی خۆیەتی بە ناوی وەرزشوانانی كوردستانەوە سوپاسی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێز د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بكەین، كە هەمیشە پاڵپشتی وەرزشوانان و بزاڤی وەرزشی كوردستانیان كردووە و لە هەموو روویێكەوە هاوكارن.
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش