سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی دهۆک دەرکرد


بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نرخی ڕسوماتی تایبەت بە تاپۆکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی دهۆک کەم دەکرێتەوە.

د. هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی خێراکردنی ڕێکارەکانی گواستنەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوون (خانوو و شوققە) بۆ سەر ناوی هاووڵاتییان (تاپۆکردن)، بڕیاری ژمارە 632ـی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان دەرکرا.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک ڕوونیشی کردەوە، دوای تەواوبوونی پرۆسەی جوداکردنەوەی پارچە زەویی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و گواستنەوەیان بۆ سەر ناوی وەبەرهێنەران؛ هاووڵاتییان دەتوانن شوققە یان خانووەکانیان لە ماوەی 120 ڕۆژدا تاپۆ بکەن.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک، بە گوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نرخی ڕسوماتی تایبەت بە تاپۆکردنەکە کە پێشتر سەدا 3 بوو، بۆ سەدا 1 کەم کراوەتەوە.

د. هەڤاڵ سدیق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕوونیشی کردەوە، ژمارەیەک لێژنەی تایبەت بە مەبەستی جوداکردنەوەی پارچە زەویی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و گواستنەوەیان بۆ سەر ناوی وەبەرهێنەران؛ لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێکهێندراون.

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابروودا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوژمەی زیاتر لە یەک ترلیۆن و 100 ملیار دینار، زیاتر لە 971 پرۆژەی گەورە و بچووکی لە سنووری پارێزگای دهۆک جێ بەجێ کردووە. هاوکات ڕەزامەندیی بۆ جێبەجێکردنی زیاتر لە 50 پرۆژەی دیکەی خزمەت گوزاری دەرچووە.

زۆرینەی ئەو پرۆژانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابروودا لە سنووری پارێزگاکە جێ بەجێ کراون، پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەبوون؛ واتە لە بوارەکانی ڕێگەوبان، پەروەردە، کارەبا، ئاو و چەند بوارێکی دیکە بوون. بە بەڕێوەبەرانی قەزا و ناحیەکان، ڕای هاووڵاتییانی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا وەرگرتووە.

ھەواڵی زیاتر