یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

گوتەبێژی پارتی: هەر جۆرە تەجاوزێک بۆ سەر کەسێتیی مەسرور بارزانى، تەجاوزە بۆ سەر سەرجەم پارتییەکان

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، “هەر جۆرە تەجاوزێک بۆ سەر کەسێتیی مەسرور بارزانى، تەجاوزە بۆ سەر سەرجەم پارتییەکان و جەماوەى بە هەڵوێستى پارتی”. 

چوارشەممە، 27-08-2024، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی “هەڵوێستى نەیارانە و قین لە دڵانە و چەواشەکارى و هەواڵى بێ بنەما”ـی بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە دژی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.

مەسرور بارزانى، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “کار و هەڵوێست و بۆچوون و سیاسەتەکانى لە حوکمڕانى و کارى سیاسیدا لە چوارچێوەى بەرنامە و هەڵوێستى پارتى دیموکراتى کوردستانە و هەر جۆرە تەجاوزێک بۆ سەر کەسێتى مەسرور بارزانى، بەلاى پارتى و پارتییەکانەوە تەجاوزە بۆ سەر سەرجەم پارتییەکان و جەماوەى بەهەڵوێستى پارتى”.

مەحموود محەممەد دەڵێت: ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، بۆ ڕاى گشتى و خەڵکى خۆشەویستى کوردستان دووپاتى دەکەینەوە، نووسەران و هاندەرانى پشت ئەو ڕاگەیاندراوەى یەکێتى، لە ڕوانگەى دۆخى باڵباڵێنى ناو خودى خۆیانەوە، دەیانەوێت وێناى پارتیمان بکەن! پارتیمان خاوەن ڕێبازێکى ڕاست و دروست و، خاوەن ڕابەر و مەرجەعێکە کە سەرۆک (مەسعود بارزانى)یە و هەموومان ڕێبورا و خەباتگێڕى ڕێبازى بارزانین و لە سایە و چەترى جەنابى سەرۆک بارزانیدا بۆ یەک ئامانج و یەک ڕێباز تێدەکۆشین”.

دەقی ڕاگەیاندراوی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان:

ماوەیەکە، بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، دوور لە پرەنسیپ و ئەتەکێتى سیاسى و لە ڕوانگەى دۆخى ناوخۆیى خودى یەکێتییەوە لە پارتیمان دەڕوانن و دژ بە ڕێزدار (مەسرور بارزانى) جێگرى سەرۆکى پارتیمان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەڵوێستى نەیارانە و قین لە دڵانە و چەواشەکارى و هەواڵى بێ بنەما، بڵاودەکەنەوە. دواترینى ئەو چەواشەکاریانەشیان، ڕۆژى 26ى 8ى 2024، لە ماڵپەڕی فەرمى یەکێتییەوە ڕاگەیاندراوێک بەناوى سەرچاوەیەک لە یەکێتییەوە بڵاوکراوەتەوە.

ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، بۆ ڕاى گشتى و خەڵکى خۆشەویستى کوردستان دووپاتى دەکەینەوە کە نووسەران و هاندەرانى پشت ئەو ڕاگەیاندراوەى یەکێتى، لە ڕوانگەى دۆخى باڵباڵێنى ناو خودى خۆیانەوە، دەیانەوێت وێناى پارتیمان بکەن! پارتیمان خاوەن ڕێبازێکى ڕاست و دروست و، خاوەن ڕابەر و مەرجەعێکە کە سەرۆک (مەسعود بارزانى)یە و هەموومان ڕێبورا و خەباتگێڕى ڕێبازى بارزانین و لە سایە و چەترى جەنابى سەرۆک بارزانیدا بۆ یەک ئامانج و یەک ڕێباز تێدەکۆشین.

ڕێزدار کاک مەسرور بارزانى کار و هەڵوێست و بۆچوون و سیاسەتەکانى لە حوکمڕانى و کارى سیاسیدا لە چوارچێوەى بەرنامە و هەڵوێستى پارتى دیموکراتى کوردستانە و هەر جۆرە تەجاوزێک بۆ سەر کەسێتى (مەسرور بارزانى)، بەلاى پارتى و پارتییەکانەوە تەجاوزە بۆ سەر سەرجەم پارتییەکان و جەماوەى بەهەڵوێستى پارتى.

ئەوانە هێشتا پارتیان نەناسیوە و پەند لە مێژوو وەرناگرن، زۆرێک پێشتر خەونیان بەوەوە دەبینى کە پارتیش وەکو خۆیان لێ بکەن، بەڵام هەروەک چۆن پێشتر ئەو خەون و خەیاڵەیان نەهاتە دى، دڵنیایان دەکەینەوە پارتی و پارتییەکان بەهێز و باوەڕبەخۆبوونەوە ئەو خەون و خەیاڵەیان جارێکى دیکە دەخەنەوە ژێر گڵ.

پارتیمان بە هەموو هێز و توانا و جەماوەرەکەیەوە پشتیوانى هەڤاڵ مەسرور بارزانیە بۆ بەردەوامى جێبەجێکردنى سەرجەم ئەرکەکانى.