ئەمڕۆ یەكشەممە 25ـی ئابی 2024، لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود، بارزانی پێشوازیی لە ماوریزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق لە سەلاحەدیین كرد.
لەدیدارەكەدا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی لە عێراق و بەمەبەستی ماڵئاوایی، سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو، جەختی لە دۆستایەتیی نێوان گەلی ئیتالیا و گەلی كوردستان كردەوە و هیوای فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولای خواست.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق خواست و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و ئیتالیا، ئەو پەیوەندییانەی بە مێژوویی و دۆستانە وەسفكرد.
هەروەها بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەڕەشە و پێشهاتەكانی ناوچەكە و بابەتی بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەروەها بایەخی هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری داهاتووی هەرێمی كوردستان چەند تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوون.