پارێزگارى هەولێر، پڕۆژەى نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنى ڕێگەی (هەولێر – کۆیە)ی بەسەرکردەوە

ئەمڕۆ شەممە 2024.8.24، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، بەیاوەری مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەند و عیماد محمدئەمین، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگا و بانی هەولێر، پڕۆژەى نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنى ڕێگەی (هەولێر – کۆیە)ی بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەی (491 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمەکانى بەرێوەبەرایەتى چاککردنەوە و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر دەست بەجێبەجێکردنى کراوە.

لە بەسەرکردنەوەکەیدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە ئەندازیار و سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە و بەرێوەبەرایەتى چاککردنەوە و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر، جەختى لەوە کردەوە، پارێزگاى هەولێر لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان و باشترکردنى ڕەوشى هاتووچۆ و گرنگیدان بە ڕێگا و بان و شەقامەکان و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانى هاتووچۆ هەوموو هەوڵێکى خۆى خستۆتەگەڕ، هەروەها ویستى پارێزگاى هەولێر بۆ گەیاندن و پێشکەشکردن و گەیاندنى خزمەتگوزارییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر زۆر لەوە زیاترە.

جێگەى باسە، پڕۆژەى نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنى ڕێگەی (هەولێر – کۆیە)، کە بە گوژمەی (491 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمەکانى بەرێوەبەرایەتى چاککردنەوە و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر دەست بە جێبەجێکردنى کراوە، پێکهاتووە لە نزیکەی (12 کیلۆمەتر) لە ڕێگای ستراتیژی و گرنگی (هەولێر – کۆیە) کە لە کەسنەزان و هەورازە نەفتە تا دەگاتە چوار ڕێیانی گۆمەسپان دەگرێتەوە، پڕۆژەکە دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا بە کۆتابێت.