وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر سەردانی پڕۆژەی سەوزکردنی ڕێگەی هەولێر- مووسڵ دەکەن

  • گوژمەکەی زیاتر لە 3 ملیار و 420 ملیۆن دینارە و نزیکی 70 هەزار دار و گوڵ و درەختی تێدا دەچێندرێت

ئەمڕۆ شەممە 24/8/2024 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە یاوەری مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر و کارزان عەبدوالهادی، سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری شارەوای پێنج ، سەردانی پڕۆژەی سەوزکردنی یەکتربڕی شەقامی 120مەتریی هەولێر لە ڕێگەی هەولێر-مووسڵیان کرد.

لە میانەی سەردانەکەیاندا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر بەدواداچوونیان بۆ چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی کارەکانی پڕۆژەکە کرد کە تاوەکوو ئێستا بەشێکی زۆری کارەکانی ئەو پڕۆژە گەورەیە جێبەجێکراون و جەختیان لەسەر هەر جۆرە هاوکاری و پاڵشتییەک بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بەزوویی تەواو ببێت کردەوە.

پڕۆژەی سەوزکردنی یەکتربڕی شەقامی 120مەتریی هەولێر لە ڕێگەی هەولێر-مووسڵ، یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بە گوژمەکەی زیاتر لە 3 ملیار و 420 ملیۆن دینارە، لەسەر ڕووبەری 205 هەزار مەتر دروست دەکرێت و ئێستا نزیکەی 50%ی کارەکانی تەواو کراوە، وەکوو خاوێنکردنەوە و دروستکردنی خەزان و لێدانی بیر و تۆڕی ئاو و چەندین کاریکەش، هەروەها کارکردن تێیدا بە خێرایی بەڕێوە دەچێت.
ئامانج لە دروستکردنی ئەو پڕۆژەیە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایییە لە شاری هەولێر، هاوکات سیمایەک جوانتر بە شارەکە دەبەخشێت بە تایبەتی دەروازەی هەولێر و موسڵ. لە پڕۆژەکەدا زیاتر لە 70 هەزار دار و گوڵ و درەختی جۆراوجۆری تێدا دەچێندرێت لەگەڵ ڕووبەرێکی فراوانی چیمەن و سەوزایی.

ھەواڵی زیاتر