ئەمەریکا پشتیوانی زیاتر لە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات

گۆڤاری فۆرێبسی ئەمەریکی بەبایەخەوە باس لە هەوڵەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.

گۆڤاری فۆرێبسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە: ئەمەریکا بێ گەڕانەوەی بۆ بەغدا هێزەکانی پێشمەرگە پڕ چەک دەکات، گۆڤارەکە باس لەوە دەکات ئەمەریکا جگە لە تۆپی دوورهاوێژ و چەندین جۆر چەک و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تایبەتی سەربازی ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات.

گۆڤارەکە ئاماژەی بە چاوپێکەوتنێکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کردووە کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی دا کردوویەتی و دووپاتی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان بۆ بەرگریکردن لەخۆی پێویستی بەوە هەیە هێزەکانی پێشمەرگە بە چەکی پێشکەوتوو پڕچەک بکرێن.

ڕۆژی 14ـی ئابی 2024 ساموێل وۆربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کاردەکەین بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش”.

لە کۆی زیاتر لە 180 هەزار پێشمەرگە کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن؛ 44 هەزاریان لە چوارچێوەی 15 لیوای هاوبەش لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە رێکخراونەتەوە. ئەمەریکا مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار (25 ملیار دینار) بۆ مووچەی ئەو 44 هەزار پێشمەرگەیە خەرج دەکات.

ھەواڵی زیاتر