شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

مەسرور بارزانی: پارتی هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی بووە

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی 16ـی ئابدا، دەڵێت، پارتی هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە، هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی بووە. 

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی 78ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی؛ پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، “گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و گشت ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کوردستانییانی نیشتمانپەروەر دەکەم”.

بە گوتەی مەسرور بارزانی، “پارتی هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە لە سەر دەستی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بارزانیی نەمر، هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی و حزبی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بووە”.

پارتی، وەکو ئەوەی لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا ئاماژەی پێ کراوە، “ئەمڕۆ یەکێکە لە گەورەترین و بەهێزترین و کاریگەرترین حزبەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی گرنگ و کارای لە پاراستنی قەوارەی دەستووری و بەدەستهێنانی دەسکەوتە نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستاندا هەیە”.

جێگری سەرۆکی پارتی، لەبارەی هەوڵەکانی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “پارتی تاکە ئومێدی خەلکی کوردستانە کە ڕێگە نەدات پیلانی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان سەر بگرێت”.

دەقی پەیامی جێگری سەرۆکی پارتی لە یادی 16ـی ئابدا:

بە بۆنەی حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک و ڕێبەری نیشتمانیمان جەنابی سەرۆک بارزانی ، گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و گشت ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کوردستانییانی نیشتمانپەروەر دەکەم. 

پارتی هەر لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە لە سەر دەستی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بارزانیی نەمر ، هەمیشە قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی و حزبی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بووە.  

پارتی خاوەنی مێژووییەکی پڕ لە سەروەری و فیداکاری و بەرگریکردنە لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و ئەمڕۆش بە هۆی سەرکردایەتیی دووربینانە و لێهاتووانەی جەنابی سەرۆک و دڵسۆزی و لەخۆبردوویی ئەندامان و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی، پارتیمان یەکێکە لە گەورەترین و بەهێزترین و کاریگەرترین حزبەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی گرنگ و کارای لە پاراستنی قەوارەی دەستووری و بەدەستهێنانی دەسکەوتە نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستاندا هەیە. پارتی تاکە ئومێدی خەلکی کوردستانە کە ڕێگە نەدات پیلانی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان سەر بگرێت و بەرگریکارێکی سەر سەخت دەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەدەستەوەدانی خاک و مافەکانی خەلکی کوردستان بگرێت.   چاوەڕوانین ئەندام و لایەنگرانی پارتی ، بە هەموو گوڕ و تین و دڵسۆزیێکەوە، بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن بۆ ئەوەی وەک هەمیشە، پارتی هێزی یەکەم و پێشەنگی کوردستان بێت ، چونکە سەرکەوتنی پارتی ، سەرکەوتن و پێشکەوتن و ئاوەدانیی کوردستانە.

لە یادی شازدەی ئاب و ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا، سڵاو لە دامەزرێنەری پارتی ، مستەفا بارزانی و سەرکردەی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی و گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان. 

مەسرور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان 
شازدەی ئابی 2024