ئارام كۆشكی – سلێمانی
زۆرجار پرسیار سەبارەت بە پێناسەکردنی شیعر دەکرێت و بەشێک لە شاعیران و توێژەران پێیانوایە شیعر ئەو ژانرەیە، کە پێناسە ناکرێت. ماوەیەک لەمەوبەر لە وتارێکی دیکەدا سەبارەت بە پێناسەکردنی شیعر سەرنجێکی کورتم خستەڕوو، بەڵام لێرەدا دەمەوێت کەمێک سەرنجەکانم وردتر بکەمەوە.
شیعر ژانرێک نییە لە دەرەوەی پێناسەکان، بەڵکو ژانرێکە نیشتەجێی نێو هەموو پێناسەکانە، ئەمەش بەو مانایەی کە هەر شاعیر و توێژەرێک دەتوانێت لە دیدگای خۆیەوە پێناسەی شیعر بکات و دروستیش بێت، بەڵام مەرج نییە هەموان لەگەڵ ئەو پێناسەکردنەدا کۆک بین، چونکە شیعر ئەو ژانرەیە لە هەموو جێگەیەک و شتێکدا هەیە، بەڵام دیدگا و هێزێکی دەوێت کەشفی بکات، لێرەوەیە ئەوانەی لەگەڵ پێناسە نەکردنی شیعردان لەو کەسانەن کە توانای دۆزینەوە و درککردنی شیعریان نییە. شیعر ئەو ژانرەیە پێویستی بە پاشخانی مەعریفی و شیعرناسی هەیە بۆ ئەوەی درک بکرێت. شیعر (وەک ناسراوە) ژانرە ئاسانەکە نییە، بەڵکو ژانرێکە لەسەرووی هەموو ژانرەکانی دیکەوە، بەڵام ئەوانەی پێیانوایە شیعر ژانرە ئاسانەکەیە ئەوە نە لە شیعر تێگەیشتوون و نە شیعریش دەنووسن، بەڵکو ئەوانە تەنها وشەی ڕیزکراو دەنووسن و جگە لە “وشەڕیزکار” هیچ ناوێکی دیکە بۆیان گونجاو نییە.
بەشێک لە توێژەران لەسەر ئەو پێناسەیە کۆکن کە “شیعر بریتییە لە قسەکردن لەسەر بنەمای بەکارهێنانی مۆسیقای خۆی کە پێی دەوترێت مۆسیقای شیعریی. هەروەها شیعر بە جۆرێک لە دەق ناسراوە کە پشت بە قورسایییەکی ورد دەبەستێت و مەبەست لێی وەک بیرۆکەیەکی گشتی بۆ وەسفکردن و ڕوونکردنەوەی بیرۆکەی سەرەکی شیعرەکە.” لە بەشێک لە پێناسەکانی تری شیعردا ئەو وشانە هەن، کە هەڵگری مانای زمانەوانین کە لە کاتی خوێندنەوە، یان بیستنیدا کاریگەرییان لەسەر خوێنەر هەیە و هەر وشەیەک کە قورسایی شیعری تێدا نەبێت بە شیعردا پۆلێن ناکرێت.
لەگەڵ ئەو بۆچوونانەی خرایەڕوو بەشێکی دیکە لە توێژەران و ڕەخنەگران سەبارەت بەشیعر دیدگای دیکەیان هەیە و لایانوایە کە “پێناسەكردنی شیعر كارێكی زۆر قورسه، له بنەڕەتدا یەكێكه له قورسترین ئەركەكانی ئەم بواره، ڕەنگه بگوترێ شیعر پێناسه نەكراوترین شتە كه بوونی هەیه .”لە ڕاستیدا من لەگەڵ ئەم بۆچوونە کۆک نیم، بەڵکو پێموایە شیعر فرەپێناسەترین ژانری ئەدەبییە و لە هەر سەردەم و دۆخدا پێناسەی تایبەتی هەیە و هەر چۆن لای هەر شاعیرێکیش پێناسەی تایبەتی خۆی هەیە.
شەمس قەیس ڕازی لە پێناسەیەکی کلاسیکی بۆ شیعر دەکات و دەنووسێت: “شیعر گوتارێکی بیرکەرەوە، ڕێکوپێک، ڕۆحی، ڕیتمی، دووبارە و یەکسانە، دوا پیتەکانی لە یەکتر دەچن.” بەڵام ئێستا ئەم پێناسەیە دەمێک ساڵە بەسەرچووە، بەڵام ناشتوانین بڵێین پێناسەیەکی هەڵەیە، چونکە شیعری بەشێکی زۆری شاعیرانی کلاسیکی کوردی و عەرەبی دەتوانرێت لە چوارچێوەی ئەم پێناسەیەدا سەیر بکرێت.
لەنێو ئەزموونی ڕەخنەیی و لێکۆڵینەوەمدا لەبارەی شیعریی کوردییەوە هەرگیز خۆم لە پێناسەکردنی شیعر نەدزیوەتەوە، بەڵام هەر شاعیرە و لە ئەزموونی شیعریی خۆیەوە پێناسەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا کەڵکم لە گەلێک پێناسەی شاعیران و ڕەخنەگرانی دیکە وەرگرتووە سەبارەت بە شیعر، چونکە بەبێ خوێندنەوە و وردبوونەوە لە ئەزموونی شاعیرانی بیانی زەحمەتە پێگەی ئەزموونی شاعیرانی کورد دیاری بکرێت، یان بەبێ کەڵکوەرگرتن لە پێناسە و دیدی ئەوان بۆ شیعر ناتوانین خوێندنەوەی واقیعیانە و تیۆری گرنگ بۆ شیعریی کوردی بکەین، بۆیە پێناسەکان چەندە زۆربن هێندەش ئاسۆی بیرکردنەوە و تێڕامانمان لەم ژانرە فراوان دەکەن.