بڕیارە سبەی سەرۆكی فەڵەستین، لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێك پێشكەش بكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

مەحموود عەباس، سەرۆكی فەڵەستین، لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێك پێشكەش دەكات، هەروەها بەشێك لەو هاووڵاتییە سڤیلانەی لە غەززە برینداربوون، لە نەخۆشخانەكانی توركیا چارەسەریان بۆ وەردەگیرێت و عەباس سەردانیان دەكات.

بڕیارە سبەی، مەحموود عەباس بگاتە ناو پەرلەمانی توركیا و لەوێ وتارێك پێشكەش بكات، پاشان پەرلەمانتارانی توركیا چەپڵەبارانی بكەن.
نوعمان كورتولووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، لە ١٥ی ئەم مانگە عەباس لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێك پێشكەش دەكات، بۆیە هەموو پەرلەمانتارانی بۆ كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بانگهێشت كردووە، كە خۆی كۆبوونەوەكە بەڕێوە دەبات و سەرەتا وتارێك پێشكەش دەكات، پاشان داوا لە عەباس دەكات تا وتارەكەی پێشكەش بكات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیاش لەناو پەرلەمانی توركیا ئامادە دەبێت و گوێ لە وتارەكەی عەباس دەگرێت.
وەزارەتی ناوەخۆی توركیا، بۆ پارێزگاریكردن لە عەباس، پۆلیس و ئاساییشێكی زۆری لە ئەنكەرا ئامادە كردووە و نایەڵن هیچ كەسێكی بێگانە لە دەوری پەرلەماندا هەبێت. هەروەها جیا لەو كەسانەی لەو رۆژەدا داوەت دەكرێت، هیچ كەسێكی تر بۆی نییە بێتە ناو پەرلەمانی توركیا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، نوێنەری هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیا و رۆژنامەنووسان داوەتی كۆبوونەوەكە كراون، هەروەها كونسوڵی زۆربەی وڵاتان لەو رۆژەدا ئامادە دەبن و گوێ لە وتارەكەی عەباس دەگرن.
بڕیاربوو، پەرلەمانی توركیا داوەتی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس بكات و لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێك پێشكەش بكات، ئەویش وەكوو كاردانەوەیەك بۆ كۆنگرێسی ئەمریكا، كە رێگەیدا ناتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، وتارێك پێشكەش بكات و پاشان ناتانیاهو چەپڵەباران كرا، توركیا ویستی بەچەپڵەبارانكردنی هەنییە وەڵامی ئەمریكا بداتەوە، بەڵام فریا نەكەوت و هەنییە لە ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژرا.
پەرلەمانتارانی دەم پارتی ئامادە دەبن؟
لەكۆبوونەوە نائاساییەكەدا، پەرلەمانتارانی دەم پارتیش داوەت كراون، بڕیارە ئەوانیش ئامادە بن و چەپڵە بۆ عەباس لێبدەن.
هەر لەسەرەتاوە دەم پارتی، پشتگیری خۆی بۆ گەلی فەڵەستین دەربریووە و ئیدانەی ئیسرائیلی كردووە، كە هاووڵاتی سڤیلی لە غەززە كردووەتە ئامانج، بۆیە ئامادەبوونی دەم پارتی لەو كۆبوونەوەیە، پەیامێكە بۆ رای گشتی توركیا، كە ئەوان دژی دۆزی فەڵەستین نین و پشتگیری دەكەن.
چەند میدیایەكی توركیا، دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردبووەوە كە دەم پارتی، لەگەڵ ئیسرائیلە و دژی دۆزی فەڵەستینە، هەروەها تۆمەتباریان كردبوون بەوەی دڵیان لای ئیسرائیلە و فرمێسكی تیمساحی بۆ گەلی فەڵەستین دەڕێژن، بۆیە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی دەم پارتی، وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە.