مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران: ڕۆژانە پێشوازی لە پەنجا و هەشت هەزار زیارەتکار دەکەین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پرۆسەی ھاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و ڕۆژانە پەنجا و ھەشت ھەزار زیارەتکار دێنە ھەرێمی کوردستان. سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، دەڵێت: چوار وێستگە بۆ زیارەتکاران ئامادەکراون و ڕۆژانە دەتوانین پێشوازی لە زیاتر پەنجا و پێنج ھەزار کەس بکەین.

ساڵانە بۆ بەشداریکردن لە چلەی کوژرانی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی ئەبوتاڵیب، سەدان ھەزار ھاووڵاتی شیعە مەزھەب لە عێراق و وڵاتانی دیکە، لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە و بە کۆمەڵ شیوەن دەکەن.
مانگی ڕابردوو، پارێزگاری ورمێ، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و پارێزگای ھەولێری کرد بە مەبەستی ئامادەکاریکردن بۆ ھاتنی زیارەتکاران بۆ ھەرێمی کوردستان و دواتر بۆ نەجەف و کەربەلا.
مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە پارێزگای ھەولێر چوار وێستگەی سەرەکیمان داناوە، یەکێک لە حاجی ئۆمەران، ئەوەی دیکە پێشانگەی ھەولێر و لەگەڵ دوو وێستگەی لاوەکی، دوای ڕێکارە ئەمنییەکان لە یەک خولەکدا پەنجا و ھەشت کەس دێنە ناو ھەرێمی کوردستان، لە ٢٤ کاتژمێردا دەتوانین پێشوازی لە پەنجا و ھەشت ھەزار زیارەتکار بکەین و داخیلی ھەرێمی کوردستان بن.
سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، دەشڵێ: لەناو دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران شوێنی حەوانەی زیارەتکاران ئامادەکراوە و ھەموو پێداویستییەکیان بۆ ئامادە کراوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆلێکی زۆر باشی ھەیە و ئەرکی حکوومەتی سووک کردووە و ھەموو پێداویستییەک کە خۆی لە ئاو، جلوبەرگ، کەلوپەلی خەوتن لە خۆ دەگرێت لەگەڵ ئێمە بۆ زیارەتکاران دابین کردووە.
مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، ئاماژەی بەوەشکرد: زیارەتکاران بە دوو قۆناغ دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی مەبەست، قۆناغی یەکەم لە حاجی ئۆمەران بۆ ھەولێر، قۆناغی دووەم لە ھەولێر بۆ کەربەلا، بۆ قۆناغی یەکەم دوو ھەزار و پێنج سەد پاس دابین کراون و زیارەتکاران دەگوازرێنەوە بۆ ھەولێر، دوای پشوودانێکی کورت بە دوو ھەزار پاس کە دابین کراون زیارەتکاران دەگوازرێنەوە بۆ کەربەلا.

ھەواڵی زیاتر