دوێنێ شەممە، كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق تیروپشكی دابهشكردنی ژمارهی بۆ لیست و هاوپهیمانی و كاندیدهكان بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی کوردستان کرد کە بڕیارە لە بیستی تشرینی یەکەم بەڕێوە بچێت، هەر لیست و حزب و کاندیدێک بۆی دەرکەوت ژمارەکەی چەندە بەڵام لە دوای هەڵبژاردن سەنگ و پێگەکەی دەردەکەوێت.
یەکێک لە گرنگترین سیماکانی دیموکراسی لە هەموو وڵاتێکدا بریتییە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان ئەم خولەی هەڵبژاردن ماوەیەکی زۆر لە کاتی خۆی دوا خرا و تەنانەت گۆڕانکارییەکی زۆر لە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کراوە، بەڵام دوا جار هەموو لایەنەکان ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی تەنیا لە ڕێی هەڵبژاردنەوە دەتوانن شەرعیەت بە درێژەدانی دەسەڵات بدەن، دوای هەڵبژاردن حزب و لایەن و کاندیدەکان سەنگی جەماوەریی خۆیان دەزان.
هەرێمی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی دامەزراندنی قەوارەکەی، بە کۆمەڵێک هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە و یەکێک لەو پڕەنسیپانەی دواجار بووەتە پێوەری یەکلاکردنەوەی کێشەکان و دابەشکردنی دەسەڵات، پێوەری هەڵبژاردن بووە و خەڵک لە ڕێی سندووقەکانی دەنگدانەوە نوێنەر و پارتی دڵخوازی خۆیان هەڵبژاردووە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێداگری لەوە کرد کە بهوپهڕی بێلایهنی و پیشیهییانه ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بهڕێوه دهبهن.
دادوهر عومهر ئهحمهد، سهرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند كه له ههولێرهوه سهرپهرشتی پرۆسهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان دهكهن و بهڕێوهی دهبهن و لهم ههفتهیهدا چهند چالاكییهك ئهنجام دهدهن.
لە یەکەم چالاکییاندا دوێنێ ژمارەیان بەسەر حەفتاو و یەک لیست و کاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دابەش کرد و پێشتریش سەد و سی و شەش لیست و هاوپەیمانی و کاندیدی دیکە ژمارەیان پێ درابوو کە بە تیروپشک بەڕێوەچووە و پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەی (١٩٠) سەد و نەوەدی بەر کەوت.
بڕیارە ئەمڕۆ تیروپشك بۆ ههڵبژاردنی كارمهندانی ڕۆژی دهنگدان بکرێ و سبەینێ دووشهممهش ئامێرهكانی ههڵبژاردن تاقی دهكرێنهوه.
ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە لە ئەوانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە بۆ یەکەم جار لە مێژووی دامەزراندنی هەرێمی کوردستان بە یاسای هەڵبژاردنی عێراق هەڵبژاردن دەکرێت و کۆمسیۆنێک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان چاودێری و سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەکات و بەڕێوەی دەبات. هەڵبژاردنەکە لە یەک بازنەوە کراوەتە چوار بازنە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە سەد و یازدە کورسی بۆ سەد کورسی کەم کراوەتەوە و لە کۆتاکان شەش کورسی و لە ئەوانی تر پێنج کورسی دابەزیوە.
هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و هەبوونی یاسای پێوەندیدار بە هەڵبژاردن زیاتر لە دەیەیەک بەر لە دامەزراندنی عێراقی فیدراڵی بووە بەڵام ناکۆکی ناوخۆیی هۆکاری سەرەکی بوو لەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی کوردستان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کاری پێ نەکرێ و کاروباری هەڵبژاردن بۆ ئەم قۆناغە بکەوێتە دەستی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق.
سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لیژنەیەکی تایبەتیان پێکهێنا بۆ ئەوەی ڕێکار و مکانزیمێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت و دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکات.
ئهم لیژنه تایبهتییه پازدە کەسییە لە کەسانی شارەزا و یاساناس و سیاسەتمەدار و دادوەر پێکهاتبوون، پڕۆژه یاسایهكیان پێشكهش بهسهركردایهتیی سیاسی بهرهی كوردستانی كرد و له ڕۆژی ٢٨ی نیسانی هەمان ساڵ بڕیاری لەبارەوە درا و به ناوی یاسای ژماره یەک بۆ ساڵی١٩٩٢ یاسای ههڵبژاردنهكانی ئهنجوومهنی نیشتمانیی كوردستان پەسند کرا.
تا ئەم ساتە لە هەرێمی کوردستان پێنج خولی هەڵبژاردن بەڕێوە چوون کە یەکەمیان لە ١٩ی ئایاری ساڵی ١٩٩٢ بوو، خولی دووەمی هەڵبژاردن دوای دواکەوتنێکی زۆر و هەندێک ڕووداوی تاڵ لە ساڵی ٢٠٠٥ بەڕێوەچوو. خولی سێیەم لە ساڵی ٢٠٠٩ و خولی چوارەمی هەڵبژاردنیش لە ساڵی ٢٠١٣ بەڕێوە چوون. خولەکانی دوو تا چواری هەڵبژاردن لە کاتی خۆیاندا کران و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان چ لە سەر ئاستی ناوچەکە و چ لەسەر ئاستی جیهاندا هەبوو. هەرێمی کوردستان تەنیا بەوە نەناسرا کە لە ماوەیەکی کورتی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەرووی ئابووری گەشەی بەخۆیەوە بینی و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی باش بوو، بەڵکوو لەڕووی دیموکراسییەوە وەک نموونەیەک لە گۆڤار و ڕۆژنامە جیهانییەکان و ناوەندە دیپلۆماسییەکان ناوی دەهێنرا.
دوای خولی چوارەم دیسان پرسی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستانی خستە قۆناغێکی نەخوازراو و لەژێر کاریگەری ئەم قۆناغە خولی پێنجەمی هەڵبژاردن ساڵێک لە کاتی دیاریکراوی خۆی دوا کەوت. هەڵبژاردنی خولی پێنجەم لە ساڵی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو و بەگوێرەی یاسا دەبوایە ساڵی ٢٠٢٢ خولی شەشەم کرابا بەڵام نەکرا.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار مەرسوومی بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەرکرد بەڵام هەر جارە و بە هۆکاری جیاوازی ناکۆکی ناوخۆیی دوا خرا. پرسی کۆتاییهاتنی تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم و دواتر سەرپەرشتیکردنی لە لایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق و پشتبەستن بە یاسای هەڵبژاردنی عێراق لە جیاتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک خاڵی نەرێنییان تێدابوو کە ناڕەزایەتی هەندێک لایەنی کوردستانی لێ کەوتەوە و دواجار بە تایبەتی دوای گەڕاندنەوەی بەشێک لە کورسییەکان و مافی پێکهاتەکان کە بە کۆتا ناسراون ئەو کێشەیە چارەسەر بوو.
کەم نین ئەوانەی خەون بە هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان دەبینن و تەنانەت هەنگاوی بۆ دەنێن، ئەم هەڵبژاردنە ئەگەر بە ڕێکوپێکی بەڕێوە بچێت و پەرلەمانی نوێ و حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێت دەتوانێت پێگەی هەرێمی کوردستان چ لە ئاستی ناوچەیی چ لە ئاستی جیهانی بەرز بکاتەوە.