وەزیری ناوخۆ سەردانی پەرلەمانی هەرێمی نۆرد ترایم ڤێست ڤالنی لە وڵاتی ئەڵمانیا كرد

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێک، سەردانی پەرلەمانی هەرێمی نۆرد ترایم ڤێست ڤالنی لەدۆسلدۆرف لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد و لەلایەن راینەر شمێلتز جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و سەردار یوکسل ئەندامی پەرلمانی nrw لە پارتی spd پێشوازیان لێ کرا.

راینەر شمێلتز لە پەیڤێکدا بەخێرهاتنی وەزیری ناوخۆ و شاندی یاوەری کرد، پاشان گوتی “لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەتانەوە هاتنتان بۆ ئێرە زۆر پێویست بوو، تا بتوانین پەیوەندیەکانمان زیاتر بەهێز بکەین وە ئاگاداریشین ئێوە چ ئازار و تەنگ و چەڵەمەیەکتان هەیە”.

هاوکات گوتیشی “ئەو تەنگ و چەڵەمە و ناخۆشییانەی کە هەن بۆ من و جەنابیشتان وامان لێ دەکات کە کاری دیبلۆماسی هاوبەش و زیاتر بەیەکەوە بکەین و لە کارکردن نەوەستین”.

شمێلتز گوتیشی “هەرچەندە ئێمە لە نەخشاندنی کاری سیاسەتی دەرەوە رۆڵێکی ئەوتۆمان نییە، بەڵام دەمانەوێت ئێمەش کار بکەین و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێوە ببەینە پێش، جەنابی وەزیر هاتنتان بۆ ئێرە هەنگاوێکە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان هەردوو هەرێم، ئێمە لە بواری مرۆیی کەمتەرخەم نەبوینە و برای بەڕێزم کاک سەردار بەردەوام لە هەوڵ و وچاندا بووە بۆ کاری مرۆڤ دۆستی و پێشکەشکردنی هاوکاری بەردەوام”.

سەبارەت بە پرسی ئاوارەکانیش، جێگری سەرۆکی پەرلەمان سوپاسی وەزیری ناوخۆ و شاندی یاوەری کرد کە بەردەوام بە شەفافی کاریان کردووە. هاوکات گوتیشی “خەمی ئاوارەکانی عێراق و ئێزیدییەکان لە کوردستان بەشێکن لە خەمی ئێمەش، جگە لە پرسی هاوکاری کردن دەمانەوێت لە بواری لێبوردەی و یەکتر قبووڵکردنیش لەنێوانیاندا رۆڵمان هەبێت، ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدییەکانیش لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەستپێکێکی باش دەبێت. ئێمەش لێرە پڕۆژەیێکمان هەیە بۆ یەکتر قبووڵکردنەوەی یەکدی، کاتێکیش تەواو دەبێت، دەبێتە کارێکی مێژوویی”.

پاشان رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نووسینی بیرەوەری لە پەرلەمانی نۆردترایم ڤێست ڤالن، سوپاسی سەردار یوکسلی ئەندامی پەرلەمانی کرد بە رەخساندنی ئەو هەلە بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارە.

هاوکات لەسەر پرسی دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان وەزیری ناوخۆ گوتی “بە هاوکاری ئێوە و دۆستانمان دەتوانین نمونەیێکی باشتر لە دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش بکەین”.

دواتریش کۆبوونەوەیەێکی داخراو لەلایەن هەردوولا بەڕێوەچوو.