هه‌ولێر..كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان سه‌باره‌ت به‌ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی زیاتر به‌ هاووڵاتییان به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 6-8-2024، به‌ سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی دكتۆر عه‌لی ره‌شید سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر و هێمن قادر و مه‌سعوود كاڕه‌ش جێگرانی پارێزگار و ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د یاریده‌ده‌ری پارێزگار و سه‌رجه‌م قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌رانی ناحییه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ باره‌ی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی زیاتر و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندار به‌ هاووڵاتییان به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌ گه‌یاندنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری زیاتر كرایه‌وه‌، به‌تایبه‌ت گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كان و ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر، هاوشێوه‌ی دروستكردنی رێگه‌وبان و قیرتاوكردن و گه‌یاندنی ئاو و كاره‌با.
له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ راسپارده‌ و رێنماییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م و بۆچوونه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی كرا، كه‌ جه‌خت له‌ خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان و گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كان ده‌كاته‌وه‌.
هه‌روه‌ها بره‌ودان به‌ هه‌ماهه‌نگی و پێكه‌وه‌كاركردنی پارێزگای هه‌ولێر و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا دووپاتكرایه‌وه‌‌، كه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك دوو دامه‌زراوه‌ی چاودێری و جێبه‌جێكردن هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بوونه‌.
حه‌وت بڕیاره‌كه‌ی تایبه‌ت به‌ داخستنی پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان و جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌ ژینگه‌ییه‌كان له‌لایه‌ن پاڵاوگه‌ یاساییه‌كان و نه‌هێشتنی دووكه‌ڵی ئۆتۆمبێل و مۆلیده‌كان و كاتمكردنییان، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، كه‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو كاریگه‌ری ئه‌رێنییان بۆسه‌ر ژینگه‌ و ئاوهه‌وای شاری هه‌ولێر دروستكرد.
گرفتی ئاوی ماڵانیش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا، كه‌ له‌ رێگه‌ی پاڵپشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین بیری ئاو له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ لێدرا كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی وشكه‌ساڵی و گۆڕانه‌كانی كه‌شوهه‌وا وشكبوون و جیا له‌ جێبه‌جێكردنی چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ و جه‌ختیش كرایه‌وه‌،‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن تاوه‌كو گرفته‌كان به‌ یه‌كجاره‌كی چاره‌سه‌ر ده‌بن.
له‌ ته‌وه‌ری كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ته‌ئكید له‌سه‌ر‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین و راییكردنی‌ كاروباری هاووڵاتییان رێزگرتنییان كرایه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ش گفتوگۆكران كه‌ ده‌بنه‌ هۆی كارئاسانی و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی هاووڵاتییان.