ئێزدییەکان ناگەڕێنەوە ژێر ڕەحمی هێزە نایاساییەکانی شنگال

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەرەبەیانی ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٤، جیھان بە ناڵە و ھاواری ژنان و منداڵانی ئێزدییەکان بە ئاگا ھات، ئەو بەرەبەیانیەی چەکدارانی داعش فەتوای قڕکردن و داگیرکردن و کوشتن و بە کەنیزەککردنی ئێزدییەکانیان دەستپێکرد و حەفتا و سێیەمین فەرمانیان بەسەردا جێبەجێکرد، دوای دە ساڵ لە جینۆسایدکردنی خەڵکی شنگال و دەوروبەری، ھێشتا ناوچەکە نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و ژمارەیەکی زۆری ئێزدییەکان لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدان و چارەنووسیان نادیارە و برینەکانی ئەو کارەساتە ھێشتا خوێنیان لێ دەچۆڕێ، ئەم ڕووداوە کاردانەوەی زۆری نێوخۆیی و جیھانیی بەدوای خۆیدا ھێنا.

ھەرێمی کوردستان تاکە لایەنە گرینگی بە کوردانی ئێزدی و کەیسی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی داوە، لە ئاستی ھەرێم و نێودەوڵەتییش گرینگی زۆری پێداوە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە خەمخۆری و گرینگیدانی، نووسینگەیەکی تایبەتی بە ڕزگاربووان دامەزراند و تا ئێستا سێ ھەزار و پێنج سەد و حەفتا و شەش کوردی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار کراون.
٨٠%ی خەڵکی شنگال ئاوارەن
شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری ناوچەیەکی بە پیتن و لەڕووی سەربازیشەوە پێگەیەکی ستراتیجی ھەیە، لەو ناوچەیەدا بەرلەوەی داعش ئەو کارەساتە دروست بکات، زیاتر لە چوار سەد ھەزار کەس نیشتەجێ بوون کە ٧٠% کوردی ئێزدی و نزیکەی ٢٠% کوردی موسڵمان و ئەوانی دیکەش عەرەب و کریستیانەکان بوون، بەدرێژایی مێژوو ئێزدییەکان گەلێک کارەسات و تاڵی و زەحمەتییان بینیوە. ئەوان مەردانە بەرگرییان لە خۆیان کردووە و ئایین و فەرھەنگ بیروبڕوای خۆیان پاراستووە، بەپێی دوایین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی لە کۆمەڵکوژییەکەی شنگال دا شەش ھەزار و چوار سەد و حەڤدە کەس کەوتنە ژێر دەستی داعش و تا ئێستا سێ ھەزار و پێنج سەد و حەفتا و شەش کەس ڕزگارکراون.
تا ئێستا ٨٠%ی خەڵکی شنگال ئاوارەنە و نەگەڕاونەتەوە و دۆخی ئەوان زۆر خراپە و حکوومەتی عێراقیش ھاوکارییان ناکات. ئەوان دەڵێن، تا پەکەکە و حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی ئێمە بن، ئامادە نین بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و ھەر لە ئاوارەییدا دەژین.
تا ئێستا یەک خاڵ لە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە​
خەڵکی شنگال دە ساڵە ئاوارە بوونە و لە کەمپەکان دەژین، ئەوەش لەبەر ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە لە شنگال ھەن، داواکاریان ئەوەیە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھیچیان بۆ شارەکە نەکردووە، ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا کرا تا ئێستا حکوومەتی بەغدا یەک خاڵی لەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکردووە، ھۆی ئەوەش وڵاتانی دەوروبەر و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەیە کە ڕێگە نادەن ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و ئیدارەی شەرعی بگەڕێتەوە و دەستی ئاوەدانی بگاتە ناوچەکە. نازم ھەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی لە شنگال، ئاشکرای کرد: بارودۆخی شنگال پەیوەندی بەو ڕێککەوتنەوە ھەیە کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەو ڕێککەوتنە لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق و لایەنی سێیەم ئیمزا کراوە، جێبەجێنەکردنیشی ھەموو لایەک پێی ئاگادارە، کە دەستی سیاسیی لەدواوە بووە و نەھێڵدراوە جێبەجێ بکرێت، ئەو ڕێککەوتنە تا ئێستا لەسەر ئەرزی واقع نەکەوتووتە واری جێبەجێ کردنەوە، ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، ئەمنیەت بۆ شارەکە دەگەڕێتەوە، دەست بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکرێت و دامەزراندن دەست پێ دەکاتەوە، ھەموو ئەوانە یەکلاکەرەوەنە، لە ھەمان کاتدا ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت دەبێتە دەرگایەک بۆ گەڕانەوەی خەڵک و چی دیکە لە کەمپەکان نامێنەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا یەک خاڵ لە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
جەختی لەوەشکردەوە: حکوومەتی ھەرێم بەردەوام ھاوکاری خەڵکی شنگالی کردووە، ئەوەی پێویست بووە کردوویەتی، خەڵکی شارەکەی لە باوەش گرتووە، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھاوکار نییە بۆ وەدەرنانی گرووپە چەکدارەکان و ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو شارە، کە ئەمڕۆ بە دەیان گرووپی چەکدار لە شنگال ھەن، کەس نازانێت کێ لەو شارە باڵا دەستە، ھەر یەکە و بۆ خۆی ناوچەیەکی بە دەستەوەیە و شارەکەیان بە سەربازگە کردووە.

ھەواڵی زیاتر