فازڵ میرانی پێشوازی لە شاندێکی حزبی ئیسلامی عێراق کرد

دوێنێ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە شاندێکی حزبی ئیسلامی عێراق بە سەرۆکایەتی (د. ئەیاد سامرائی) سەرۆکی ئەنجومەنی شورای حزبی ئیسلامی کرد.

لە دانیشتنێک دا کە هوشیار زێباری و سیداد بارزانی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و د. کمال کەرکووکی و نەوزاد هادی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەی ببوون.
فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان دووپاتی کرد کە پەیوەندیە مێژووییەکان لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی ئیسلامی عێراق پەیوەندییەکی سەرکەوتووە و جێگای خۆشحاڵی یە.
هەروەها میرانی تەئکیدی کردەوە کە هەڵوێستی حزبی ئیسلامی عێراق بەرامبەر بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان هەڵوێستی پابەندبوون بووە بە مافە ڕەواکانی گەڵی کوردستان و هەموو کاتێک پاڵپشتی لە مافەکانی گەلی کوردستان کردووە و بەردەوامە تاکو ئێستا.
سەبارەت بە ڕەوشی عێراق فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەدا کە عێراقی ئێستا وەک عێراقی جاران نییە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و کاودانەکان و ناسەقامگیری و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا و لە عێراق باندوری خۆی کردۆتە سەر دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ.
میرانی دووپاتی کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو کاتێک ئامادەیە کار بکات لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ خزمەتی گەلانی عێراقی فیدراڵ.
لەلای خۆیەوە د. ئەیاد سامرائی، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای حزبی ئیسلامی عێراق زۆر سوپاسی مەکتەبی سیاسیی پارتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و بە گەرمی پێشوازی کردنیان.
ئەیاد سامرائی دووپاتی کردەوە کە حزبی ئیسلامی عێراق پاڵپشتی دۆزی کوردستانیە و باوەڕیان وایە کە هەر گەلێک مافی چارەنووسی خۆی هەیە.
سەبارەت بەڕەوشی عێراق د. ئەیاد سامرائی، ئاماژەی بەوەدا کە ڕەوشی عێراق ناجێگیرە و تا ئێستا هێزە سیاسییەکانی عێراق نەیانتوانیووە لە ساڵی (٢٠٠٦)ــــەوە تا ئێستا حوکمڕانییەکی باش لە عێراق کە لە خزمەتی گەلانی عێراق دا بێت نەهاتووەتە دی و ئەمە خەمی هەر تاکێکی عێراقی یە.
هەروەها د. ئەیاد سامرائی، دووپاتی کردەوە کە حزبی ئیسلامی عێراق کار لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەکات و ئاوات دەخوازن هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق کار بۆ خزمەت کردنی گەلانی عێراق بکەن.
هەروەها سامرائی تەئکیدی کردەوە کە پەیوەندییەکان لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی ئیسلامی عێراق پەیوەندی مێژوویی و لە ئاستێکی بەرزدایە و هیوایان وایە کە ئەم پەیوەندییانە بەهێزتر بێت و دیداری دووقۆڵی لە نێوان هەردوولادا زیاتر بێت و هیوای خواست هەرێمی کوردستان لە پێشکەوتن دا بێت.