ئاهەنگی دەمامکەکان، یان سەردەمی دەمامکەکان

ئارام كۆشكی – سلێمانی

گۆڕانکارییەکان زۆر خێران، ئەوەی ئێستا بە 10 ساڵ ڕوو دەدات لە سەدەی پێشوو 50 ساڵی دەویست. بۆیە خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم سەردەمە تازەیەدا گەلێک سەختە، یان دەتوانم بڵێم هەوڵی زۆری دەوێت. بۆیە ئەم سەردەمە هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندییە، کە ڕەنگە لە سەردەمەکانی پێشوودا بەوشێوەیە نەبووبێت، هەنووکە سۆشیال میدیا دەرفەتگەلێکی ڕەخساندووە، کە هەموان بتوانن بە کۆمەڵێک دەمامکی جیاوازەوە خۆیان نمایش بکەن و ئاهەنگی خۆیان بگێڕن، کە ئەمە لە پێشووتردا نەبوو. بۆیە دەشێ یەکێک لەو ناوە گونجاوانەی بۆ ئەم سەردەمە بگونجێت لێی بنرێت سەردەمی دەمامکەکانە، چونکە دەرفەتی ڕەخساندووە بۆ ئەوەی مرۆڤ بە زۆرترین دەمامکەوە خۆی نمایش بکات و خۆی بکاتە پاڵەوان، کە ئەمە لە سەردەمانی پێشوودا گەلێک ئەستەم بوو.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاتێک نامیلکەی مینیماڵی “ئاهەنگی دەمامکەکان”م دەخوێندەوە، یەکەم شت کە هاتە بیرم ناونانی ئێستا بوو بە سەردەمی دەمامکەکان. کەوتمە بیری ئەو لێشاوە مرۆڤە کە لە هەموو لایەکی جیهانەوە ڕۆژانە چەندین دەمامک دەکەنە سەریان و دەبنە واعیز و وانەبێژ و پەروەردەکار و مامۆستا و پزیشک و شێف، بەبێ ئەوەی هیچ کام لەوانە بن. بەڵام لەنێو سۆشیال میدیادا ئەو بەرگانەی مەبەستیانە دەپۆشن و ئیدی هەموانیش گوێیان لێ دەگرن، نەک لەبەر ئەوەی فڵان کەسن و خاوەنی مەعریفە و زانستن، بەڵکو لەبەر ئەو بەرگی ساختەیەی پۆشیەتی و ئەو دەمامکە ساختەیەیە کە لە ڕووخساریدایە و دەرفەتەکەش سۆشیال میدیا پێی داون.
ئەوەی زۆرجار نیگەرانیم زیاتر و زیاتر دەکات ئەو لێشاوە خەڵکەیە کە گوێ لەو دەمامکپۆشانە دەگرێت و وەکو مامۆستا و ڕێنیشاندەر سەیریان دەکرێت و بەبێ ئەوەی نەک ڕێنیشاندەر نین، بەڵکو ئەوانە دەمامکپۆشن و خاوەنی کەسایەتییەکی بۆش و ساختەن، یان پاڵەوانی کارتۆنین، کە هەگبەی مەعریفیان هیچی تێدا نییە و ئەوەی هەیانە ئەو قسانەیە، کە دووبارە و دە بارەی دەکەنەوە.
“ئاهەنگی دەمامکەکان” کۆمەڵێک مینیماڵی نووسەرانی جیاوازە و هەریەکە و بە ڕووخساری خۆیەوە گوتەی خۆی لەم نامیلکە بچووکەدا پێشکەش دەکات و نووسەر و وەرگێڕ “مەلول” کۆی کردوونەتەوە و خۆیشی هەندێک مینیماڵی جوانی داڕشتووە و لە دوتوێی کتێبەکەدا پێشکەشی خوێنەری کردووە. ئەوەی ئەم کتێبەی جوانتر کردووە بڵاوکردنەوەیەتی لەم سەردەمەدا کە هەموان دەمامکی ساختەیان لەسەردایە، بەڵام ئەم نووسەر و بیرمەندانەی سەدەکانی پێشوو هەموان خۆیان بوون و بە ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆیانەوە گوتەکانیان پێشکەش دەکەن، بەڵام کۆبوونەوەی ئەم دەنگە جیاوازانە وەکو کۆمەڵێک دەنگی جیدی نێو دونیای نووسین دەردەکەون، کە هەموویان بۆ تەنها شتێک تێکۆشان ئەویش سەروەربوونی مرۆڤ و نە کەوتنی شکۆی مرۆڤبوون بوو، کە لەم سەردەمەدا بەرەو شکانی ئەو شکۆیە دەچێت.
ئێستا سۆشیال میدیا سەکۆی پاڵەوانی کارتۆنی و مرۆڤە دەمامکدارەکانە. ئەو مرۆڤانەی کە تەنها دەتوانن نمایش بکەن، نەک کردەیەک ئەنجام بدەن، یان داهێنانێک پێشکەش بکەن. هەتا بەشێکی زۆریان ناتوانن چوار ڕستەی مانادار لە کۆڕ و کۆبوونەویەکدا پێشکەش بکەن، بەڵام بوونەتە پاڵەوانی نێو سۆشیال میدیا. بۆیە باشترین خاڵێک کە هەموان بتوانن ڕەچاوی بکەن پشتگوێخستنی ئەو پاڵەوانە کارتۆنی و مرۆڤە دەمامکدارانەیە، کە لە سۆشیال میدیاوە دەیانەوێت کۆمەڵگە ئاراستە بکەن. بڵاوکردنەوەی وشیاری سەبارەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەرکێکی لە پێشینەی هەموو پەروەردەکارێک و دەزگایەکی ڕاگەیاندنە.
یەکێک لەو گوتە گرنگانەی هەفتەی پێشوو سەبارەت بە سۆشیال میدیا لە زاری مامۆستایەکەوە بیستم ئەوە بوو کە: “کاتێک ئێمە مۆبایلێک دەدەینە دەست منداڵەکەمان و پێمانوایە جیهانمان خستووەتە دەست منداڵەکەمان لەهەڵەداین، بەڵکو ئەوە ئێمە منداڵەکەمان خستووەتە نێو جیهانەوە بەبێ ئەوەی ئەو منداڵە ئامادە کرابێت بۆ ئەو جیهانە”. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا ئێمە خۆشمان نەک منداڵەکانمان تا چەند بۆ ئەو دونیا نوێیە ئامادە کراوین؟ ئەم پرسیارە با خوێنەران لای خۆیانەوە وەڵامی بدەنەوە؟

ھەواڵی زیاتر